راچڵەكین -
وڵاتانی رۆژئاوا لەڕێگەی وەبەرهێنانەوە لە كەرتی نەوت دەیانەوێ جێپێی خۆیان لە گۆڕەپانی عیراق قایم بكەن و هەژموونی وڵاتە نەیارەكانیشیان كەمبكەنەوە.
گۆڤاری "فۆربس" ڕاپۆرتێكی بەناونیشانی "پرۆژە گەورەكانی ڕۆژئاوا ڕەنگدانەوەی ئاراستەی جیۆسیاسیی لە عێراق" بڵاوكردۆتەوە، كە تیایدا باس لە ڕۆڵی وەبەرهێنانەكانی ڕۆژئاوا لە كەرتی نەوتی عێراق كردووە وەك بەشێك لە هەوڵەكان بۆ گێڕانەوەی كاریگەریی لە شوێنە ستراتیژییە گرنگەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ بەرپەرچدانەوەی هەژموون و كاریگەرییەكانی هەریەك لە چین و رووسیا و ئێران.
سیمۆن واتكینز، شرۆڤەكاری ئابووریی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ گۆڤارەكە ئاماژەی بە دوو سوودی سەرەكیی كردووە كە ڕێگە بە ڕۆژئاوا دەدات لەڕێگای ئەو وەبەرهێنانە زەبەلاحانەوە كاریگەریی خۆی لە عێراقدا فراوانتر بكات، كە بریتین لە:
كەمكردنەوەی هەژموونی ئێران: ئیسرائیل كە هاوپەیمانی سەرەكیی ئەمریكایە لە ناوچەكەدا، ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە كەمكردنەوەی هەژموونی ئێران لەڕێگەی وەشاندنی گورزی كەمەرشكێن لە هاوپەیمانەكانی، وەك حزبوڵڵای لوبنانی، حەماس، و حوسییەكان، دواجار كەمكردنەوەی مەترسییەكانی ئەو وڵاتە بۆ سەر ڕۆژئاوا و وڵاتانی دراوسێ بە عیراقیشەوە.
گرێبەستی تۆتال ئینێرجی: كۆمپانیای تۆتال ئینێرجیی فەرەنسی ڕێككەوتنێكی گەورەی بەبەهای 27 ملیار دۆلار لەگەڵ بەغدا ئەنجامدا كە چوار پڕۆژەی گەورە لەخۆدەگرێت، دوو پڕۆژەیان ئامانجیان كەمكردنەوەی دەردانی غازی پەیوەندیدارە لە دەرهێنانی نەوت، ئەمەش یارمەتیی عێراق دەدات كە پشتبەستن بە هاوردەكردنی غاز و كارەبا لە ئێران كەمبكاتەوە، كە نزیكەی 40%ی پێداویستییەكانی دابین دەكات.
هەروەك لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بە هاتنی كۆمپانیای زەبەلاحی نەوتی "بی پی"ی بەریتانی بۆ ناو گۆڕەپانەكە كردووە، دوای ئەوەی لە 19ی كانونی یەكەم ڕێككەوتنێكیان واژۆ كردووە بۆ پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییە گەورەكانی كەركوك، كە یەدەگەكانی بە نزیكەی نۆ ملیار بەرمیل نەوتی خاو لەخۆدەگرێت.
ئەم پڕۆژانە گوزارشت لە هەنگاوە ستراتیژییەكان دەكەن بۆ بەهێزكردنی ئامادەیی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا، بە گرنگیدان بە دەستەبەركردنی سەرچاوە گرنگەكان و سنوورداركردنی نفوزی ئێران لە ناوچەكەدا.