راچڵەكین -
لە وڵاتێكی ئەفریقا بەهۆی تەقینەوەی تانكەرێكی پڕ لە سووتەمەنی، نزیكەی 70 كەس گیانیان لەدەستداو دەیان كەسی دیكەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ شەممە، لەناوچەیەكی باكووری نەیجیریا، تانكەرێك كە بڕێكی زۆر سووتەمەنی باركردبوو، بەهۆی خێرالێخوڕینەوە كۆنترۆڵی لەدەستداو وەرگەڕا. بە وتەی سەرچاوەیەكی ناوخۆی ئەو وڵاتە، لەكاتی كۆبوونەوەی خەڵكی ناوچەكە لەدەوری تانكەرەكە، كە بەهۆی وەرگەڕانییەوە سووتەمەنییەكەی رژابوو، لەپڕ تانكەرەكە تەقییەوەو لەئەنجامدا لانیكەم 70 كەس گیانیان لەدەستداو دەیان كەسی دیكەش بریندار بوون.
بەرپرسێكی ناوچەكە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند: هەرچەندە هێزەكانی پۆلیس رێگرییان لە نزیكبوونەوەی خەڵك لە تانكەرەكە كرد، بەڵام بەهۆی زۆریی ژمارەی ئەو خەڵكەی كە هاتبوون بۆ ئەوەی سووتەمەنییە رژاوەكە كۆبكەنەوە، نەتوانرا بارودۆخەكە كۆنترۆڵ بكرێت و سەرەنجام ئەو كارەساتەی لێكەوتەوە.
ئەمە دووەم رووداوی هاوشێویە لە باكووری نەیجیریا، چەند مانگێك لەمەوبەر لەهەمان ئەو ناوچەیەی كە رووداوەكەی ئەمڕۆی لێكەوتەوە، تانكەرێكی پڕ لە سووتەمەنی وەرگەڕاو تەقییەوە، بەهۆیەوە زیاتر لە 180 كەس گیانیان لەدەستدا.