ئیسرائیل هۆشداریی بە دانیشتووانی غەززە دەدات

جیهان

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 208

راچڵەكین - 

سەرباری رێككەوتنی ئاگربەست، سوپای ئیسرائیل لە بەشێكی ناوچەكانی كەرتی غەززە دەمێنێتەوەو هۆشدارییش بە دانیشتوانەكەی دەدات لەپێناو سەلامەتی خۆیان، لەو ناوچانە نزیك نەبنەوە كە هێزەكانیان تێیدا جێگیركراون.

ئەڤیخای ئەدروعی، وتەبێژی سوپای بەرگریی ئیسرائیل نەخشەیەكی كەرتی غەززەی بڵاوكردووەتەوەو تێیدا سەرجەم ناوچە سنوورییەكانی كەرتی غەززەو ناوچەی رێڕەوی نتساریم لەناوەڕاستی غەززە، وەك ناوچەی قەدەغەكراو لەبەردەم گەڕانەوەی هاووڵاتیانی فەلەستین دیاریكراوە.

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، هەرچەندە رێككەوتنی ئاگربەست لە كەریت غەززە سبەینێ یەكشەممە كاتژمێر 8:30ی بەیانی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام پێویستە لەسە دانیشتووانی غەززە لەپێناو پاراستنی سەلامەتی خۆیان، لە ناوچە سنوورییەكان و ئەو ناوچانەی هێزی سەربازیی ئیسرائیلی لێیە، نزیك نەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشكردوە، هاتووچۆكردن لەنێوان باشوور و باكووری غەززە، بەتایبەت لەناوچەی رێڕەوی نتساریم، مەترسیدارەو هەركەسێك لەو ناوچەیە نزیكببێتەوە، گیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە.

ئەدروعی راشیگەیاندووە، باشووری كەرتی غەززە نزیك دەروازەی رەفەح و رێڕەوی فیلادلفیا، بەهەمان شێوە مەترسیدارەو نابێ هیچ كەسێك بەو ناوچانەدا تێپەڕ ببێت.

دوای زیاتر لە ساڵێك و سێ مانگ لە شەڕو بۆردومانكردن، ئیسرائیل و حەماس بەنێوەندگیریی ئەمریكاو میسر و قەتەڕو یەكێتی ئەوروپا، گەیشتنە رێككەوتنی ئاگربەست، كە بڕیارە سبەینێ بچێت بواری جێبەجێكردنەوەو وێڕای راگرتنی شەڕ، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیل و بارمتەكانیش لەنێوان هەردوولا دەستپێدەكرێت و رێگە بە گەیاندنی كۆمەكی مرۆییش بۆ دانیشتووانی غەززە دەدرێت.   

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن