ئەو دۆسیە ئاڵۆزانەی چاوەڕێی دۆناڵد ترەمپ دەكەن

ڕاپۆرت

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 105

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا

راچڵەكین -

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، كە رۆژی 20ی ئەم مانگە بە فەرمی لە كۆشكی سپی دەستبەكاردەبێت، بە پێگەیەكی بەهێزترەوە لەسەر شانۆی جیهانی، خۆی بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی زلهێزترین وڵاتی جیهان ئامادە دەكات، بەڵام بە بەراورد بەخولی یەكەمی خۆی، رووبەڕووی ئاستەنگی جیاوازو ئاڵۆزتر دەبێتەوە، لەكاتێكدا چاوەڕواندەكرێت سەرنجی لەسەر بەرنامەكەی بێت، بەڵام ئەو جیهانەی چاوەڕێی دەكات پڕە لەململانێ و گۆڕانكاریی جیۆپۆلەتیكی.

سیاسەتی ناوخۆ:
ترەمپ سەرنجی لەسەر دیپۆرتكردنەوەی كۆچبەرانی بێ بەڵگەنامە، ئەولەویەتێكە كە دەتوانێت رووبەڕووی بەربەستی سیاسیی و پراكتیكیی بەرچاو ببێتەوە.

هەروەها بەنیازە پلانە ئابورییەكانی بەكەمكردنەوەی باج و خەرجییەكان جێبەجێبكات، سەرەڕای هۆشداریی پسپۆڕان كە لەوانەیە هەڵاوسان و قەرزەكان زیاد بكات.

جگە لەوەش كار بۆ چاكسازیی لەخزمەتگوزاریی شارستانیی دەكات، هەروەها ئیلۆن ماسك و ڤیڤێك راماسوامی هەڵبژاردووە بۆ سەركردایەتیكردنی ئەو هەوڵانە، بەڵام ڕەنگە گەیشتن بەگۆڕانكاریی گەورە قورس بێت.

سیاسەتی دەرەوە:
ـ ململانێكان لەئۆكرانیا: پێشبینی دەكرێت شەڕی ڕووسیاو ئۆكرانیا یەكەم تاقیكردنەوە بێت بۆ ترەمپ، لەكاتێكدا ترسی ئەوەی هەیە هەوڵی ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی خێرا بدات كە ڕەنگە ببێتە هۆی ئیمتیازاتی گەورە بۆ ڕوسیا، ئەمەش نیگەرانی بۆ هاوپەیمانەكانی واشنتۆن لەئەوروپا دروستدەكات.

ـ چین: ترەمپ بەنیازە هەڵوێستێكی توند بەرامبەر بە چین بگرێتەبەر، لەوانە سەپاندنی باجی نوێ و دانانی هەڵۆكان لەئیدارەكەیدا بۆ رووبەڕوبوونەوەی خواستە ئابووریی و سەربازییەكانی پەكین.

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست: ڕەنگە ترەمپ ئازادیی زیاتر بە ئیسرائیل بدات لە سیاسەتەكانیدا، بەتایبەتی دوای دەستنیشانكردنی مایك هاكابی وەك باڵیۆزی ئەمریكا لە تەلئەڤیڤ. هەروەها پرسیار لەسەر ڕادەی توندییەكەی بەرامبەر ئێران دێتە ئاراوە، ئایا ئەو رێبازێكی دانوستانكاری یان رووبەڕوبوونەوە پەیڕەو دەكات؟

ئاڵنگارییە جیهانییەكان:
ئەمڕۆ جیهان سەرهەڵدانی جەمسەرێكی نوێ بەخۆوە دەبینێت كە رووسیا، چین، ئێران و كۆریای باكوور لەخۆدەگرێت، ئەمەش توانای ترەمپ بۆ بەدەستهێنانی پێشكەوتنە دیپلۆماسییەكان ئاڵۆزتر دەكات.

لەئەوروپا حكومەتەكان لەفەرەنسا و ئەڵمانیا بەرەو لاوازبوون دەچن، لەكاتێكدا كاریگەریی پارتە پۆپۆلیستە راستڕەوەكان بەرەو هەڵكشان دەچێت.

شرۆڤەكاران ئاماژە بەوەدەكەن، جیهان فۆڕمێكی نوێی گرژییە نێودەوڵەتییەكان بەخۆوە دەبینێت، بەهۆی ئەوەی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا گۆشەگیرە‌و سەرنجی لەسەر ئۆكرانیایە، رەنگە ترەمپ بە زەحمەت مامەڵە لەگەڵ سەركردەكانی وەك پوتین و شی جینپینگ سەرۆكی چین بكات، چونكە لەدوای كۆبوونەوەكانی پێشوویانەوە بارودۆخ گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە.

لەكاتێكدا ترەمپ شانازی بە لێهاتوییەكانی خۆیەوە دەكات وەك دروستكەری رێككەوتنەكان، بەڵام پێدەچێت خولی دووەمی سەرۆكایەتییەكەی لەژێر رۆشنایی زیادبوونی ئاستەنگە جیهانیی و ناوخۆییەكان ئاڵۆزتر بێت.

هەربۆیە سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا پێویستی بەهاوسەنگكردنی خواستەكانی لەگەڵ گۆڕانی واقیع دەبێت بۆ ئەوەی خۆی لەو بڕیارانە بەدووربگرێت كە رەنگە ناسەقامگیریی زیاد بكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن