سۆران عومەر: کێشەکانی نێوان وەزارەتی دارایی هەرێم و عێراق قوڵتردەبێتەوە

کوردستان

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 286

سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابوری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

راچڵەکین-

 سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، عێراق لەو 10 ترلیۆن دینارەی کە بۆ هەرێمی ناردووە کە کێشەی لەسەرە لەنێوان هەردوو حکومەتەکەدا راستەوخۆ هەستاوە بە لێبڕینی 10٪ـی لەسەر پشکی هەرێم و  خستویەتیە سندوقی خانەنشینی ئەوەش وایکردووە هەرێم هەستبکات کە بڕی تەواوەتی لە بودجە بۆ نەنێردراوە.

 

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئێستادا هەرێم داوای ئەوە دەکاتەوە کە وەک کورتهێنان دیاریکردووە لە پشکی 2024ـدا و بەغداش دەڵێت کورتهێنانت نییە مووچەی هەر 12 مانگەکەت بۆ نێردراوە کە وەک لە وەڵامدانەوەکانی یەکتریدا دەیبینن. 

 

باسی لەوەش کرد، بەهۆی ئەوەی عێراق خۆی مووچەدەدات هەر خۆشی ئەو لێبڕیننەی ئەنجامداوە و ئامانجیش لێی تەرخانکردن و زامنکردنی مووچەی خانەنشینانە نەوەک ئەوەی دارایی هەرێم بانگەشەی بۆدەکات بەناوی لێبڕین لە پشکی هەرێم، چونکە بەغدا دەڵیت لە ساڵانی داهاتوودا کە خانەنشین دەبن چۆن ئەو بڕە پارەیەی مووچە تەرخان بکرێت لەکاتێکدا هەرێم سندوقی خانەنشینی نییە. 

سۆران عومر ئەوەسی خستووەتەڕوو، هەرێم خۆی هەستاوە بە پرۆسەی هاوتاکردن و بەرزکردنەوەی خەرجی مووچە بەناوی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی مەدەنی بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، هەربۆیە بەرپرسیارێتی زیادبوونی خەرجی مووچە لە ئەستۆی هەرێمە و بەغدا ئامادە نییە ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرێت. دەشڵێت،" بەغدا خۆی ئەم لێبڕینە دەکات چونکە هەرێم دەیەوێت بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا هاوتاکردن بکات بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک تەرخانبکات وەزیری دارایش پێی وتوین با هەرێم خۆی قورسیایی ئەو مووچەیە هەڵبگرێت". 

 

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی لەوەش کردەوەتەوە، لە میانەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق پێی راگەیاندوون هەرێم  هیچ داهاتێکی نەگەڕاندووەتەوە بۆ بەغدا. وتیشی، " ئەگەر هەرێم داهاتی پێنج مانگی کۆتایی رادەستبکردایە  کە مانگی 160 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بووە، ئەوە  مووچەی مانگی 12 دابەشدەکرا و هیچ گرفتێکی لەبەردەمدا نەدەبوو بەڵام بەرامبەر بەو داهاتە بەغدا هەستاوە بە لێبڕینەوەی پشکەکە بەرامبەر بە داهاتەکە کە هەرێم نەیگەڕاندووەتەوە".

 

لە کۆتایی کۆنگرەکەشدا سۆران عومەر رایگەیاند، کێشەکانی هەرێم تەکنیکین چونکە بەغدا هەڵدەستێت بە حسابکردنی ئەو بڕە پارەیەی کە ناردوویەتی و دابەشی 12 مانگەکەی کردووە بەوەش بەغدا بۆ هەر مانگێک 974 ملیار دیناری ناردووە، بەڵام هەرێم ئەم حساباتەی نەکردووە و مانگانە حسابی کردووە بەبێ ئەوەی حساب بۆ رادەستکردنی داهات بکات ئەمەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی گرفتێکی نوی لە نێوان عێراق و هەرێم بەمەش ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەوە گرفتەکانی مووچە لە ساڵی رابردوودا دەگوازرێتەوە بۆسەر ئەمساڵ و تا ئێستاش چارەنووسی مووچەی مانگی 1ـی ئەمساڵ نادیارە. 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن