پلانی بەڕێوەبردنی كەرتی غەززە لەدوای ئاگربەست ئاشكرا دەكرێت

جیهان

4 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 323

راچڵەكین -

دەسەڵاتدارییەتی فەلەستین ئامادەكاریی بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات لە كەرتی غەززە دەكات دوای جێبەجێكردنی بڕیاری ئاگربەست لەناوچەكە، بۆ ئەو مەبەستەش یاداشتێك ئاڕاستەی هەریەك لە ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپاو میسر و قەتەڕ دەكات كە پلانی بەڕێوەبردنی غەززە لەخۆدەگرێت.

كەناڵی 12ی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، مەحمود عەباس، سەرۆكی دەسەڵاتدارییەتی فەلەستین ئامادەكاریی تەواوی كردووە بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری كەرتی غەززە لەدوای راگرتنی شەڕو رێككەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس.

سەرۆكی دەسەڵاتدارییەتی فەلەستین، پلانی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی شارەكانی كەرتی غەززەی ئاڕاستەی هەریەك لە ئەمریكا، یەكێتی ئەوروپا، میسر و قەتەڕ كردووە، كە نێوەندگیریی رێككەوتنی ئاگربەستیان لەنێوان ئیسرائیل و حەماس كردبوو، بەپێی پلانەكەش، دەسەڵاتدارییەتی فەلەستین ئەركی بەڕێوەبردنی كاروباری كارگێڕیی كەرتی غەززە دەگرێتە ئەستۆ لەڕێی پێكهێنانی ئیدارەیەكی كاتی.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراونەتەوە، پلانەكەی دەسەڵاتدارییەتی فەلەستین پێكهێنانی دوو تیم لەخۆدەگرێت، یەكەمیان بە سەرۆكایەتی وەزیری پلاندانانی فەلەستین دەبێت، كە ئەركی ئاوەدانكردنەوەی وێرانكارییەكانی كەرتی غەززەی پێدەسپێردرێت، تیمی دووەمیش بە سەرۆكایەتی وەزیری پەرەپێدانی كۆمەڵایەتی فەلەستینی دەبێت و ئەرەكەشی بریتی دەبێت لە چاودێریكردنی دانیشتووانی غەززەو گەیاندنی كۆمەكی مرۆیی.

لە پلانەكەی دەسەڵاتدارییەتی فەلەستین بۆ ئیدارەدانی كەرتی غەززە، هیچ رۆڵێك بە بزوتنەوەی حەماس نەدراوە، كە تائێستاش كۆنترۆڵی كەرتی غەززەی لەژێر دەستدایە، هاوكات هیچ هەڵوێستێكی فەرمی لەلایەن ئەو بزوتنەوەیە رانەگەیەندراوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن