رووسیاو ئێران رێككەوتننامەیەكی ستراتیجی هاوبەش واژۆ دەكەن

جیهان

4 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 147

راچڵەكین -

رووسیاو ئێران بڕیار لەسەر رێككەوتننامەیەكی ستراتیجیی هاوبەش دەدەن، رێككەوتننامەكە گشتگیرەو ئەمڕۆ هەینی لە مۆسكۆ لەلایەن ڤلادیمێر پوتین و مەسعود پزیشكیان واژۆكرا.

میدیاكانی رووسیا بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ هەینی هەریەك لە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا و مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران، واژۆیان لەسەر رێككەوتننامەیەكی ستراتیجیی گشتگیر كرد كە ئامانج لێی پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵاتە.

رێككەوتننامەكە سەرجەم بوارەكانی بەرگری، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، وزە، دارایی، گواستنەوە، پیشەسازیی، كشتوكاڵ، زانست و تەكنەلۆجیاو رۆشنبیری دەگرێتەوە.

لەدوای واژۆكردنی رێككەوتننامە هاوبەشەكە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند: رێككەوتننامەكە هاوكاریی نێوان هەردوو وڵات لەهەموو بوارەكان لەخۆدەگرێت و ئامانجیش لێی پتەوكردنی تواناكانی رووسیاو ئێرانە لەسەر ئاستی جیهان، وتیشی:" ئەم رێككەوتننامەیە تەنها بەڵگەنامەیەكی سیاسی نییە، بەڵكو نەخشەرێگایەكە بۆ ئایندە".
 
هاوكات، عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: تاران و مۆسكۆ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان بۆ ئاستێكی پێوانەیی زیاد دەكەن، هەروها هەماهەنگیی دەكەن لەبواری بەرهەمهێنان و گواستنەوەی وزە، هەروەها كاریش دەكەن بۆ تەواوكردنی رێڕەوی نێودەوڵەتیی (باكوور - باشوور).

ئەمڕۆ هەینی، مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران، بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە رووسیاو لە مۆسكۆی پایتەختی ئەو وڵاتە لەلایەن ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیاوە پێشوازیی لێكرا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن