راچڵەکین-
لە سەروبەندی نزیکبوونەوە لە ئاگربەستی ئیسرائیل و غەززە، نووسینگەی بنیامین
ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "پلانی ئازادکردنی بارمتەکان"
پەسەندکراوە.
ناتانیاهۆ دەنگدانی
کابینەی حکومەتی بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی ئاگربەستی غەززە دواخستبوو، کە بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە بەڕێوەبچێت، حەماسی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە لە کۆتا خولەکدا بەدوای
گۆڕانکارییەوەیە لە رێککەوتنەکەدا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی،
نووسینگەکەی رایگەیاند کە تیمی دانوستانکار ناتانیاهۆیان ئاگادار کردووەتەوە کە ئێستا رێککەوتن لەسەر "ئازادکردنی بارمتەکان" کراوە.
بەگوێرەی بەیاننامەکە،
نەتانیاهۆ فەرمانی کردووە کابینەی سیاسی-ئەمنی، رۆژی هەینی کۆببێتەوە و دواتریش حکومەت
کۆدەبێتەوە بۆ پەسەندکردنی رێککەوتنەکە، ئەوەش هاتووە، "کەسوکاری بارمتەکان
ئاگادارکراونەتەوە".
بەپێی میدیا ئیسرائیلییەکان،
نوێنەرانی ئیسرائیل، حەماس، ئەمریکا و قەتەر بە فەرمی رێککەوتنەکەیان لە دەوحە واژۆکردووە.
رێککەوتنی ئاگربەست لە
سەرەتادا رۆژی چوارشەممە بە نێوەندگیریی ئەمریکا و قەتەر راگەیەندرا.
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان
ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر رایگەیاند، ئەگەر رێکەوتنەکە لەلایەن کابینەی ئیسرائیلەوە
پەسەند بکرێت، رۆژی یەکشەممە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پاشان ناتانیاهۆ رۆژی
پێنجشەممە دەنگدانی کابینەی حکومەتی بۆ پەسەندکردنی رێککەوتنەکە دواخست و حەماسی تۆمەتبارکرد
بەوەی هەوڵدەدات پێشێلکاریی بکات لە رێکەوتنەکەدا.
هەرچەندە
دانوستانکارانی ئیسرائیل لەسەر ئەم رێککەوتنە رازی بوون، کە دوای چەند مانگێک
گفتوگۆ دێت، بەڵام تا کابینەی ئەمنی و حکومەت پەسەندی نەکەن، جێبەجێ ناکرێ.
هـ . یـ