راچڵەکین-
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا
"سێنتکۆم" رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
بۆ گواستنەوەی زیندانییانی داعش بۆ وڵاتانی خۆیان.
فەرماندەییەکە لە بەیاننامەیەکدا
رایگەیاندووە، "جەنەڕاڵ مایکل کوریلا سەردانی سوریای کردووە و لەگەڵ ژمارەیەک
لە سەرکردە سەربازییەکانی ئەمریکا، هەروەها بەرپرسانی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە"
کۆبوونەتەوە".
فەرماندەییەکە ئاماژەی
بەوەشکردووە، "ئامانجی سەردانەکە هەڵسەنگاندنێکە بۆ پێشهاتەکانی سوریا و هەڵمەتی
شکستهێنان بە داعشە لەوێ"، ئاماژەی بەوەشکرد "کوریلا سەردانی کەمپی ئاوارەکانی
هۆل و کەمپەکانی دیکەی کردووە کە هەزاران کەسیان تێدایە کە پێشتر پەیوەندییان لەگەڵ
داعش هەبووە".
کوریلا جەختی لەوە کردەوە
کە "ئەو ئاوارانەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە لە کەمپی هۆڵ و کەمپەکانی
باکوری سوریا لە راستیدا سوپایەکی داعشن کە لەژێر چاودێرییدان"، ئاماژەی بەوەشکرد
"ئیدارەی ئەمریکا سەرنجی لەسەر پشتیوانیکردنە لە گەڕانەوەی دانیشتوانی هۆل و
کەمپەکانی تر بۆ وڵاتانی خۆیان".
لێپرسراوی فەرماندەیی
ناوەندیی ئەمەریکا وتیشی: ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
بۆ گواستنەوەی چەکدارانی داعش بۆ وڵاتەکانی خۆیان بۆ ئەوەی رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر
بگیرێتەبەر.
هـ . یـ