راچڵکەین-
کۆمپانیای ئەپڵ ئامادەکاری
دەکات بۆ خستنەبازاڕی ئایفۆنە نوێیەکەی بەناوی iPhone SE 4 کە پێشبینی دەکرێت گۆڕانکارییەکی گەورە لە
پۆلی مۆبایلە کەمتێچووەکانیدا بهێنێتە ئاراوە.
ئامێرەکە دیزاینێکی مۆدێرنی
هەیە و دیزاینی ئایفۆنە هەرە تازەکانی وەک سەرچاوە بۆ بەکارهێنراوە، لەگەڵ تایبەتمەندیی
تەکنیکیی پێشکەوتوو کە رەنگە ببێتە رکابەرێکی بەهێزی مۆبایلەکانی ئەندرۆید لە هەمان
نرخدا، بەپێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی "androidauthority" بڵاویکردووەتەوە.
سۆنی دیکسۆنی
دزەپێکەری بەناوبانگ، دزەی بە چەند وینەیەک کردووە کە وردەکارییەکانی دیزاینی SE 4 iPhone پیشان دەدات.
وێنەکان بەشی پشتەوەی
مۆبایلەکە دەردەخەن، کە دوو رەنگی باوی هەیە، سپی و رەش کە دوو رەنگی باوی ئایفۆنن
و خواستێکی زۆریان لەسەرە.
هەروەها پێدەچێت کامێرای
دواوەی ٤٨ مێگاپێکسڵ بێت، کە ئەمەش گونجاوە بە گوێرەی نرخەکەی.
ئەوەی جێگای سەرنجە، دیزاینی
کامێرای دواوە زۆر لە مۆبایلی گووگڵ نێکسوسی پێنج دەچێت، هاوێنەی کامێراکە لە گۆشەی
سەرەوە دەرکەوتووە بەڵام ئەو کەرەستانەی
لە جەستەی ئایفۆنەکەدا بەکارهێنراون، جیاوازییە گەورەکەی دەردەخەن.
وێنەی دووەم گۆڕانکاریی
ریشەیی لە دیزاینی مۆبایلەکەدا ئاشکرا دەکات، بەو پێیەی پێشبینی دەکرێت دوگمەی هۆمیی
نەبێت لە پێناو شاشەییەکی گەورە و سەرنجڕاکێشتر، هەروەها دوگمەی سایلێنت "بێدەنگکردنی
مۆبایلەکە"، لەگەڵ جێی سیمکارت، بەمەش دیزاینێکی مۆدێرنتری دەبێت.
پێشبینی دەکرێت ئایفۆن SE 4 لەگەڵ چیپی A18 Bionic کە لە زنجیرەی iPhone 16 بەکارهاتووە، بە شاشەیەکی OLED و دەرچەی بارگاوییکردنەوەی USB-C بەردەستبێت.
هەروەها دەنگۆی ئەوە هەیە
کە مۆبایلەکە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٥ بە نرخی کەمتر لە ٥٠٠ دۆلار بخرێتە بازاڕەوە، ئەمەش
وایکردووە ببێتە بژاردەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ رێژەیەکی زۆر لە بەکارهێنەرانی مۆبایل و
بەتایبەتیش ئایفۆن.
هـ . یـ