راچڵەكین -
حكومەتی عیراق ژمارەیەك یاداشتی لێكتێگەیشتن لەگەڵ چەندین زانكۆی بەریتانیا واژۆ دەكات، زانكۆیەكی ئەو وڵاتەش 20 كورسی خوێندنی ماستەر بۆ خوێندكارانی عیراقی تەرخان دەكات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق كە ماوەی چەند رۆژێكە بە سەردانێكی فەرمی لە بەریتانیایە، لە لەندەنی پایتەحتی ئەو وڵاتە، لەگەڵ سەرۆكی 26 زانكۆی بەریتانی لە بوارە جیاجیاكان كۆبووەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سودانی رایگەیاندووە حكومەتی عیراق كار بۆ بەهێزكردنی سیستمی خوێندن دەكات لەڕێی كرانەوە بەڕووی گرنگترین زانكۆكانی جیهان، بەتایبەتیش زانكۆكانی بەریتانیا كە مێژوویەكی دوور و درێژیان هەیە لەگەڵ سیستمی خوێندن لە عیراق دا.
لە دیدارەكەدا زانكۆی گرینیچ وەك رێزلێنانێك بۆ سودانی، بڕیاریدا بە ترخانكردنی 20 كورسی خوێندنی ماستەر لە پسپۆڕییە جیاجیاكان بۆ خوێندكارانی عیراقی.
لەمیانی دیدارەكەی نێوان سەرۆكوەزیرانی عیراق و سەرۆكی زانكۆكانی بەریتانیا، 12 یاداشتی لێكتێگەیشتن لەنێوانیان واژۆكرا، گرنگترین ئەو زانكۆیانەشی كە یاداشتەكانیان واژۆكردووە، بریتین لە زانكۆكانی لیڤەرپوول، گرینچ، نیوكاسل، كوین ماری، كینگز كولیدج، كیل و برونیل.
رۆژی سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەویرانی عیراق، بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەریتانیاو چەندین كۆبوونەوەو چاوپێكەوتنی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجامدا، لەوانەش شا چارلزی سێیەم، پادشای بەریتاناو كیيەر ستارمەر، سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە و هەردوولا رێككەوتننامەیەكی مێژووییان بە بەهای 12 ملیارو 300 ملیۆن پاوەند لەبوارەكانی بازرگانی و ئابووری و وەبەرهێنان واژۆكرد، هەروەها رێككەوتن لەسەر دیپۆرتكردنەوەی سەرجەم ئەو هاووڵاتییانەی عیراق كە مافی مانەوەیان لە بەریتانیا پێنەدراوە.