راچڵەکین-
ئیلێنا گۆرێلۆڤا، پسپۆڕی دەروونی روونیکردەوە کە سترێس چییە و چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و رێگەی کاریگەری بۆ بەدەستهێنانی ئارامی دەروونی دەستنیشانکرد.
وەک لە ماڵپەڕی "روسیا تودەی"ـدا هاتووە، بە وتەی ئەو دەروونناسە، هەنگاوی یەکەم بۆ تێپەڕاندنی ئەو هەستانە، ناسینەوە و قبوڵکردنی هەستەکانە، فشاری دەروونی کاردانەوەیەکی سروشتی جەستەیە بەرامبەر بە کاریگەرییە جۆراوجۆرە دەرەکی و ناوەکییەکان.
فشاری دەروونی دەشێت لە وەڵامی هۆکارە جەستەیی، سۆزداری یان دەروونییەکان سەرهەڵبدات و لە دڵەڕاوکێ، ماندوێتی، خەمۆکی و لە هەندێک حاڵەتدا لە نەخۆشییە قورسەکاندا خۆی رەنگبداتەوە.
ئگۆرێلۆڤا ئاماژە بەوە دەکات، گرنگە مرۆڤ فێری چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هەستەکانی بێت و رێگاکانی ئارامگرتن بدۆزێتەوە، وەک چالاکیی جەستەیی و مێدیتەیشن و بەسەربردنی کات لەگەڵ کەسە نزیکەکانی، ئەمەش ئاستی فشاری دەروونی زۆر کەمدەکاتەوە و یارمەتی گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی دەروونی دەدات.
ئەو پسپۆڕە دەڵێت، پێویستە پشوویەکی تەواو و خەوتنێکی رێکوپێکت هەبێت، چونکە رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە رێگریکردن لە فشاری دەروونیی درێژخایەن، فشار دەتوانێت هەم دوژمن بێت و هەم دۆات، رێگە بە مرۆڤ دەدات باشتر رۆتینی رۆژانەی بەڕێوە ببات و دەورووبەری کۆنترۆڵ بکات.
سترێس دەتوانێت بە هۆکاری جۆراوجۆر سەرهەڵبدات لەوانە:
١. کار: وادەی تەواکردنی پڕۆژەیەک، باری قورسی کارێکی گەورە، ناکۆکی لەگەڵ هاوکاران.
٢. ژیانی تاکەکەسی: کێشەی خێزانی، جیابوونەوە، کێشەی دارایی.
٣. تەندروستی: نەخۆشی و برینداربوون و پرۆسەی چاکبوونەوەی درێژخایەن.
٤.کۆمەڵگە: ژینگەی دەوروبەر و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان.
فشار دەتوانێت لە چەندین نیشانەی جەستەیی و دەروونیدا خۆی دەربخات:
١. جەستەیی: سەرئێشە، گرژبوونی ماسولکەکان، تێکچوونی کۆئەندامی هەرس.
٢. لە رووی سۆزدارییەوە: وروژان، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی.
٣. لە رووی دەروونییەوە: کێشەی تەرکیز و یادەوەری و بڕیاردان.
ئەم پسپۆڕە چەندین پێشنیاری پراکتیکی دەکات بۆ زاڵبوون بەسەر فشار و گەڕاندنەوەی هاوسەنگی دەروونی، ئەو دەڵێت، "یەکەم هەنگاو بۆ زاڵبوون بەسەر سترێسدا، ناسینەوە و قبوڵکردنی هەستەکانتە"، واتە دەبێت مۆڵەت بە خۆت بدەیت بۆ ئەوەی هەست بە فشاری دەروونی بکەیت و سەرزەنشتی خۆت نەکەیت، چونکە تێگەیشتن لە کاردانەوە ناوەکییەکانت بەشێکە لە پڕۆسەی چارەسەرییەکە".
بە وتەی ئەو، چالاکیی جەستەیی یارمەتی دابەزاندنی ئاستی کۆرتیزۆڵ (هۆرمۆنی سترێس) دەدات و هاندەری بەرهەمهێنانی ئەندۆرفین کە هۆرمۆنی دڵخۆشییە دەدات، بۆیە پێویستە کات بۆ پیاسەکردن، وەرزشکردن یان یۆگا تەرخان بکەیت بۆ ئارامگرتن و گەڕاندنەوەی هاوسەنگی دەروونی".
مێدیتەیشن و راهێنانی هەناسەدان و شلبوونەوەی ماسولکەکان رێگەی زۆر باشن بۆ بەڕێوەبردنی فشاری دەروونی، بۆیە پێشنیاری ئەوە دەکات کە رۆژانە تەنها ١٠ بۆ ١٥ خولەک تەرخان بکەیت بۆ مێدیتەیشن یان راهێنانی هەناسەدانی درێژ.
مرۆڤ دەبێت فێربێت بڵێت "نا" و پارێزگاری لە کات بکات چونکە پاراستنی سنوورە تاکەکەسییەکان یارمەتیدەرە بۆ دوورکەوتنەوە لە فشاری دەروونیی قووڵ، هەروەها نابێت بترسێت لە داوای یارمەتی لە خزم و دۆست یان کەسانی گونجاو، چونکە ئەم پاڵپشتییە کاریگەری ئەرێنی لەسەر بارودۆخی دەروونی هەیە، جگە لەوەش پێویستە کات تەرخان بکات بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاکییانەی کە دڵخۆشی دەکەن، بەو پێیەی رێگەی پێدەدات لە نیگەرانییەکانی رزگاری بێت و سەرنجی لەسەر هەستە ئەرێنییەکان بێت.
هـ . یـ