زوکەربێرگ بە هەزاران کارمەند دووردەخاتەوە

هەمەڕەنگ

6 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 114

راچڵەکین-

بڕیارە کۆمپانیای مێتا زیاتر لە ٣٥٠٠ کارمەند دوور بخاتەوە وەک بەشێک لە دوایین هەڵمەتی کەمکردنەوەی کارمەندەکانی لەسەر بنەمای باشترکردنی ئەدای کارکردن. 

ماڵپەڕی "بلومبێرگ" بڵاویکردەوە، بڕیارە نزیکەی ٣٦٠٠ کارمەندی کۆمپانیای مێتا دووربخرێنەوە و لەو بارەیەوە مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، "ئەم پرۆسەیە کە نزیکەی ٥%ـی هێزی کاری کۆمپانیاکە دەگرێتەوە، ئامانج لێی باشترکردنی ئەدای کارکردنی کۆمپانیاکەیە، زوکەربێرگ روونیکردەوە کە کۆمپانیاکەی هەنگاو دەنێت بەرەو لابردنی کارمەندانی "کەم ئەنجام"، ئەم بڕیارە هاوتەریبە لەگەڵ بڕیارەکەی پێشووی مێتا لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا بۆ لابردنی ١٠ هەزار کارمەند لە هەڵمەتی (ساڵی کارایی)دا". 

زوکەربێرگ لە یاداشتێکدا رایگەیاندووە: "بڕیارم داوە ئەدای کارکردنی کۆمپانیاکەم بەرزبکەمەوە و کارکردنی خێراتر بکەم"، سەرەڕای دوورخستنەوەکان، مێتا بەنیازە لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا رۆڵەکانیش بگۆڕێت، خۆی بۆ گەشەکردن و داهێنان لە داهاتوودا ئامادە دەکات و گرنگی بە بوارەکانی وەک زیرەکی دەستکرد و چاویلکەی زیرەک و پێشخستنی پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا دەدات". 

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە بە شێوەیەکی ئاسایی لە درێژایی ساڵدا ئەو کەسانە دووردەخەینەوە کە چاوەڕوانییەکانی ئێمە بەدی ناهێنن، بەڵام ئەمجارەیان بڕیارەکە گشتگیرترە، لەسەر بنەمای بەرەوپێشبردنی رەوشی کۆمپانیاکە بە شێوەیەکی گشتی". 

کۆمپانیای مێتا کە تا مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو نزیکەی ٧٢ هەزار کارمەندی هەبووە، بڕیارە لە ١٠ـی شوباتی ئەمساڵدا گرێبەستی کارمەندانی دیاریکراو لە ئەمریکا کۆتایی پێبێنێت و ئەو کارمەندانەی لە دەرەوەی ئەمریکان و لە کۆمپانیای مێتا کاردەکەن، دواتر دووردەخرێنەوە. 

هـ . یـ

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن