راچڵەکین-
لەگەڵ دەستپێکی بودجەی سێ ساڵەی عێراق کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان عێراق و هەرێم لەبارەی رادەستکردنی داهاتی نانەوتی و بودجەوە سەری هەڵداوە و تا ئێستاش چارەسەر نەکراوە، لەو بارەیەشەوە وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، داهاتی نانەوتی لە کاتێکدا رادەستی بەغدا دەکەن کە تەواوی بەشە بودجە هەرێم لەکاتی خۆیدا بنێرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بەو مەرجە داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغدا دەکەن، ئەگەر حکومەتی عێراق تەواوی بودجەی هەرێم بنێرێت نەک تەنها مووچە بەڵکو ئەوکات ئامادەشن کە نەوت لەرێگای کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشن.
شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە سەفین دزەیی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووریی، کەمال محەممەد ساڵح وەزیری کارەبا و بە وەکالەتی سامانە سروشتییەکان و ژمارەیەکی دیکەی وەزیر و سەرۆک فەرمانگە پێک هاتبوون لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە هەولێر کۆبوونەوە و دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لـــە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان، تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، شایستە داراییەکانی هەرێم، هەناردەکردنەوەی نەوت، دۆخی ناوچەکە و چەندان پرسی دیکەیان کردووە.
ئەو وتەبێژەی حکومەتی هەرێم لەبارەی رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ بە بەغدا، جەختی لەوە کردەوە کە وەک حکومەت ئامادەن داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغدا بکەن و لە رابردووشدا ئەمەیان وتووە، بەڵام بەو مەرجەی هەموو بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، نەک تەنها مووچە بنێرن بەو شێوازەی کە لە ئێستادا دەینێرن.
لەلایەکی دیکەشەوە پێشەوا هەورامانی لە وەڵامی پرسیاری ( هیچ شاندێک بەم زووانە بۆ پرسی مووچە دەچێتە بەغدا) بە ڕۆژنامەنووسانی راگەیاند،تاوەکو ئەم خولەکەی قسە دەکەن، هیچ بڕیارێک نییە تاوەکو شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی یان حکوومەت، بەم زووانە یان هەفتەی داهاتوو بۆ پرسی مووچە بچێتە بەغدا.
لە درێژەی قسەکانیشیدا هەورامانی ئەوەی روونکردەوە کە ئامادەن نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرن وەک ئەوە لە پێستردا رێککەوتنی لەسەرکرابوو، بەڵام ئایا کێ پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هێواش کردەوە و وایکرد بە بڕی زیاتر لە 25 ملیار دۆلار زیان بە گەنجینەی عێراق بکەوێت؟ بێگومان لە لایەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هیچ پێشێلکارییەک نەبووە، بەڵام لە لایەنی حکوومەتی عێراق ئەگەر سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش نیازی چارەکردنیشی هەبوو بێت بەڵام هێشتا هەندێک هێز و لایەنی دیکە هەن دەتوانن رێگریی لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانە بکەن کە لایەنی فەرمی دەیانکات.
هاوکات هەورامانی جەختی لەوەش کردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بە کونسوڵ و نوێنەری وڵاتانیان راگەیاندووە کە لە ناو وڵاتەکانی ئێوەشدا چەندان پێکهاتە و ئایینی جیاواز هەن، بەڵام هەرگیز نەمان بیستووە، مووچەیان بڕدرابێت یان برسیی کرابن، بۆیە پێوستە هەڵوێستان هەبێت لەوەی لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقدا روودەدات چونکە هیچ بیانوویەک نییە بۆ برسیکردنی خەڵک. وتیشی،"برسیکردن و ئەو مامەڵەیەی حکوومەتی عێراق بەرانبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەیکات، هیچ بیانوویەک هەڵناگرێت چونکە هەموو ژمارە و ئامارێکی پێویستییان لەبارەی پێشێلکاریی رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان خستووەتە بەردەم کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان".