راچڵەکین-
بەمەبەستی پاراستنی ژیان و ماڵی هاوڵاتیانی عێراق، وەزارەتی ناوخۆ 26 هێڵی گەرمی بەرگری شارستانی،سوپا،کارەبا،کشتوکاڵ،پەروەردە،بریکارەکان،کۆمپانیاکان،پۆلیس و سەرجەم فەرمانگە حکومەییەکانی پەیوەست بە هاوکاریکردنی هاوڵاتیان لەسەر هێڵی ژمارە 911 چالاککردووە و بەم نزیکانە هاوڵاتیانی عێراق بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو دەتوانن پەیوەندی بەو هێڵەوە بکەن و دەستبەجێ نزکترین تیم رەوانەی شوێنی رووداوەکەدەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە،وەزارەتی ناوخۆی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە،دوای ئەوەی وەزیری ناوخۆی عێراق سەردانی وڵاتی ئەردەنی کرد و رێکەوتنی هێڵی گەرمی 911 واژۆکرا لە رۆژی 9ـی ئەم مانگە هێڵەکە کاری لەسەرکرا و لە ئێستاشدا هێڵی گەرمی ناوخۆی عێراق بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو بۆ هاوڵاتیانی عێراق لەسەرجەم پاریزگاکان بەردەستە.
ئاماژە بەوەش کراوە،ئەم هێڵە ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیان دەکات،چونکە هاوڵاتییەکە راستەوخۆ باسی گرفتەکەی دەکات و لایەنی پەیوەندیدار بەچارەسەرکردنی کێشەکە دەستبەجێ دەگاتە شوێنی روداوەکە.وتیشی،" لەمەودوا هیچ هاوڵاتیەک پێویست ناکات پەیوەندی بە ژمارە 104،115،121،118ـەوە بکات بەڵکو راستەوخۆ دەبێت پەیوەندی بکات بە ژمارە 911 و باسی گرفتەکەی بکات لە ناوەندی پەیوەندییەکانەوە لایەنی پەیوەندیدار بە کەیسی هاوڵاتیەکە دەنێردرێتە شوێنەکە و راستەوخۆش لەگەڵ هەر پەیوەندیەکدا لەریگای سیستمی جی پی ئێسەوە شوێنی هاوڵاتییەکە دیاریدەکرێت وەک ئاسانکاری بۆ لایەنی پەیوەندیدار".