راچڵەکین-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی
هەڵبژێردراوی ئەمریکا جارێکی تر جەختی لەسەر خواستی خۆی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەرێمی گرینلاندی
سەر بە شانشینی دانیمارک کردەوە.
دەشێت بۆ زۆر کەس مایەی
پرسیار بێت کە بۆچی ترەمپ دەیەوێت ئەو دوورگەیە بکڕێت و بە تایبەت ئەوەش کە بۆچی لە
ئێستادا ئەو بابەتە دەخاتە بەر باس؟..
گرینلاند گەورەترین
دوورگەی جیهانە و لە جەمسەری باکووری زەوی هەڵکەوتووە، ئەم ناوچەیە بە
کەمدانیشتووترین شوێنی زەوی هەژمار دەکرێت، کە نزیکەی ٥٢ هەزار کەسێکی تێدا دەژین،
کە بە گشتی دانیشتووی رەسەنی ناوچەکەن.
نزیکەی ٨٠٪ـی ئەم
دورگەیە بە سەهۆڵ داپۆشراوە و بەشێکی زۆری خەڵکەکەی لە کەناراوەکانی باشووری رۆژئاوای
دوورگەکە و بە تایبەت دەوروبەری پایتەختەکەی "نوک" دەژین.
ئەم هەرێمە کە لە
چوارچێوەی شانشینی دانیمارکە، ناوەندێکە بۆ پێگە سەربازییەکانی دانیمارک و
ئەمریکا.
ئابووری گرینلاند زیاتر
بەندە بە راوکردنی ماسییەوە و یارمەتییەکی بەرچاو لە حکومەتی دانیمارک وەردەگرێت و
نزیکەی یەک لەسەر پێنجی داهاتی ناوخۆی وڵاتەکەی پێدەگات.
لەم ساڵانەی دواییدا
گرنگیدان بە سامانە سروشتییەکانی گرینلاند زیادی کردووە، لەوانە دەرهێنانی توخمە کانزاییە
دەگمەنەکانی وەک یۆرانیۆم و ئاسن، لە چوارچێوەی پڕۆسەی توانەوەی بەستەڵەکەکان لە ئەنجامی
گەرمبوونی جیهان، رەنگە ئەم سەرچاوانە زیاتر دەستی مرۆڤیان پێبگات.
لە رووی جوگرافییەوە
گرینلاند دەکەوێتە کیشوەری ئەمریکای باکوورەوە، نزیکەی ٣٠٠ ساڵە لەلایەن دانیمارکەوە
کە نزیکەی ٣٠٠٠ کیلۆمەتر لێیەوە دوورە، بەڕێوەدەبرێت.
ئەم دوورگەیە تاوەکو
ناوەڕاستی سەدەی بیستەم وەک ناوچەیەکی پەراوێخراو بەڕێوەدەبرا و بە درێژایی ئەو
ماوەیە گەلەکەی لە هەژاریدا دەژیان، لە ساڵی ١٩٥٣ گرینلاند بوو بە بەشێک لە شانشینی
دانیمارک و هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە رەگەزنامەی دانیمارکییان وەرگرت.
لە ساڵی ١٩٧٩ لە رێگەی
ریفراندۆمەوە گرینلاند سەربەخۆیی بەدەستهێنا و خەڵکەکەی زۆربەی دەسەڵاتە سیاسییەکانی
ناو خاکەکەی گرتە دەست، بەڵام لە هەمان کاتدا سیاسەتی کاروباری دەرەوە و بەرگری لە
دەستی دانیمارکدا مایەوە.
بۆچی گرینلاند بۆ
ئەمریکا گرنگە؟..
ئەمریکا لە مێژە بەرژەوەندی
ئەمنی لە گرینلاند هەیە، دوای داگیرکردنی دانیمارک لەلایەن ئەڵمانیای نازییەوە لە
جەنگی جیهانی دووەمدا، ئەمریکا هێرشی کردە سەر گرینلاند و بنکەی سەربازی و رادیۆیی
لە سەرتاسەری هەرێمەکەدا دامەزراند.
لە دوای جەنگەوە،
سەربازانی ئەمریکا لە گرینلاند مانەوە و پێگەی ئاسمانیی "پیتوفیک" کە
پێشتر بە پێگەی ئاسمانی "سولە" دەناسرا، لەو کاتەوە تا ئێستا لەلایەن
ئەمریکاوە بەڕێوە دەبرێت.
لە ساڵی ١٩٥١ رێککەوتنێکی
سەربازیی لەگەڵ دانیمارک رێگەی بە ئەمریکا دا رۆڵێکی بەرچاو لە بەرگریکردن لە خاکەکەدا
بگێڕێت و بنکەی سەربازی لەوێ دروست بکات و پارێزگاری لێبکات.
مارک جاکۆبسن، مامۆستای
یاریدەدەر لە کۆلێژی بەرگری شاهانەی دانیمارک دەڵێت: ئەگەر رووسیا بیەوێت مووشەک
ئاراستەی ئەمریکا بکات، کورتترین رێگا بۆ چەکە ئەتۆمییەکان لە رێگەی جەمسەری
باکوور و گرینلاندەوە دەبێت، هەر بۆیە بنکەی ئاسمانی "پیتۆفیک" یەگجار گرنگە
بۆ بەرگریکردن لە ئەمریکادا.
چین و رووسیا لە ساڵانی
رابردوودا توانای سەربازی خۆیان لە جەمسەری باکوور بەهێزتر کردووە. بەپێی راپۆرتێکی
دامەزراوەی جەمسەری باکوور، ئەم بابەتە وادەکات ئەمریکا زیاتر ئامادەیی خۆی لە
ناوچەکەدا زیاد بکات بۆ بەرپەرچدانەوەی رکابەرەکانی.
لارس لۆکێ راسموسن، وەزیری
دەرەوەی دانیمارک رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ قسەکردن لەگەڵ ئەمریکا، ئاماژەی
بەوەشکرد، واشنتۆن "بەرژەوەندی راوا"ی لە ناوچەکەدا هەیە.
راسموسن وتی: روسیا
بەبەر چاومانەوە خۆی پڕچەک دەکات و چینیش خواستی خۆی بۆ هەمان مەبەست نیشان داوە.
جاکۆبسن ئاماژەی بەوەشکردووە،
ئەگەری هەیە ترەپ چاوی لە سامانی سروشتیی ناوچەکەش هەبێت، وتیشی: "لە ئێستادا
ئەو کانزا دەگمەنانەی کە هێشتا دەستیان لێنەدراوە و لە باشووری گرینلاند بوونیان هەیە،
جێگەی سەرنجی تایبەتن". "ئەم ماددانە بۆ چەندین تەکنەلۆژیای جیاوازدا
گرنگن، لە مۆبایلەوە تا تۆرباینەکانی با".
ئایا ئەمریکا دەیەوێت
کۆنترۆڵی تەواوی گرینلاند بکات؟
ترامپ بانگەشەی ئەوەی
کردووە کە کۆنترۆڵکردنی گرینلاند بۆ ئاسایشی نەتەوەیی و ئابووری ئەمریکا زۆر گرنگە.
هەرچەندە رەنگە قسەکانی
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا نائاسایی دەرکەون، بەڵام لە ماوەی سەدەی رابردوودا چەند
سەرۆکێکی ئەمریکا هەوڵیانداوە دەست بەسەر گرینلانددا بگرن.
لوکاس واهدن، نووسەری
هەواڵنامەیەک سەبارەت بە ئاسایشی جەمسەری باکوور دەڵێت: "ئەمریکا چەند جارێک
هەوڵی داوە دانیمارکییەکان لە گرینلاند دەربکات و خاکەکە بکاتە بەشێک لە ئەمریکا، یان
لانیکەم بە تەواویی لەژێر کۆنترۆڵی ئەمنی خۆیدا بێت".
لە ساڵی ١٨٦٧ دوای کڕینی
ئەلاسکا لە رووسیا، ویلیام ئێچ. سیوارد، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی ئەمریکا،
دانوستانەکانی بۆ کڕینی گرینلاند لە دانیمارک دەستپێکرد، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام.
لە ساڵی ١٩٤٦ ئەمریکا
پێشنیاری ئەوەی کرد کە ١٠٠ ملیۆن دۆلار (کە یەکسانە بە ١.٢ ملیار دۆلاری ئەمڕۆ)
بدات بۆ کڕینی ئەو خاکە، ئەمەشی بە گرنگ دەزانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی، بەڵام
حکومەتی دانیمارک پێشنیارەکەی رەتکردەوە.
هەروەها ترەمپ لە یەکەم
خولی سەرۆکایەتیدا هەوڵیدا گرینلاند بکڕێت، هەردوو حکومەتی دانیمارک و گرینلاند لە
ساڵی ٢٠١٩ـدا پێشنیارەکەیان رەتکردەوە و رایانگەیاند: "گرینلاند بۆ فرۆشتن نییە".
خەڵکی گرینلاند چی دەڵێن؟
کۆنۆ فێنکەر، ئەندامی
ئینتسات "پەرلەمانی گرینلاند"، رایگەیاند، لێدوانەکانی ترەمپ بە هەڕەشە
نابینێت.
فێنکەر کە پشتیوانی سەربەخۆیی
گرینلاند دەکات راگەیاندووە، گرینلاندی سەربەخۆ دەتوانێت بڕیار بدات کە لەگەڵ ئەمریکا
لە بارەی بەرگرییەوە هاوکاربێت.
بەڵام کاتێک ترەمپ بیرۆکەی
کڕینی گرینلاندی لە ساڵی ٢٠١٩ـدا خستەڕوو، زۆرێک لە خەڵکی ناوچەکە بە میدیاکانیان راگەیاند
کە دژی ئەو پێشنیازەن.
ئێلکا هامۆند، یەکەم
ژنە سەرۆکوەزیرانی گرینلاند دەڵێت: "ئەمریکا وەک کاڵایەک مامەڵەمان لەگەڵ دەکات
کە بتوانێت بیکڕێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ترەمپ
تەنانەت لەگەڵ گرینلاندیش قسە ناکات، لەگەڵ دانیمارک قسە دەکات سەبارەت بە کڕینی
گرینلاند".
هـ . یـ