ئۆتۆمبێلێکی نوێی هۆندا رەچاوی باری دەروونیی شۆفێر دەکات

هەمەڕەنگ

22 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 151

راچڵەکین-

ئەم هەفتەیە لە جیهانی ئۆتۆمبێلدا، مۆدێلە کارەباییە نوێیەکانی هۆندا لە لاس ڤێگاس نمایش کران، ناساندنی باشترین ئۆتۆمبێلەکانی ساڵی ٢٠٢٥ـی ئەوروپا بەڕێوەچوو، مۆدێلێکی نوێی تێسلا لە چین نمایش کرا، هەروەها گرانترین ئۆتۆمبێلی وەرزشی ئۆفرۆد کە خێراییەکەی دەگاتە ٣٢٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

هۆندا لە لاس ڤێگاس دوو مۆدێلی نوێی ئۆتۆمبێلی کارەبایی نمایش کرد، بڕیارە ئەم دوو مۆدێلە لە ساڵی ٢٠٢٦ بە زنجیرەیەک بە ناوی زنجیرەی "زیڕۆ" یان "سفر" بخرێنە بازاڕەوە.

هۆندا ساڵی ڕابردوو نموونەکانی ئەم دوو مۆدێلەی هێنایە پێشانگای لاس ڤێگاس، ئەمساڵ کۆمپانیاکە چەند ئۆتۆمبێلێکی نمایشکرد کە بە وتەی خۆی تا ٩٠٪ هاوشێوەی ئەو بەرهەمەن کە دەخرێتە بازاڕەوە.

یەکەم مۆدێلی ئۆتۆمبێل کە لە زنجیرەی "سفر"ەوە دەخرێتە بازاڕەوە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری SUV ـە، بەشی پێشەوەی ئەم ئۆتۆمبێلە کەم تا زۆر ئاسایی دەردەکەوێت، بەڵام بەشی دواوەی ئۆتۆمبێلەکە بە شووشە تەنکەکەی و جەستەی کشاو و گڵۆپی شێوە U، جیا دەکرێتەوە لە ئۆتۆمبێلە SUVـەکانی دیکەی بازاڕ.

هۆندا دەڵێت مۆدێلەکانی زنجیرەی "سفر" لەسەدا ٩٠ لەو ئۆتۆمبێلانە دەچن کە لە لاس ڤێگاس نمایشی کردووە.

دەرکەوتنی مۆدێلەکەی تر کە ناوی "سالۆن"ـە و لوکسترین مۆدێلی زنجیرەی سفرە، تەواو نوێگەرانەیە، ئەم مۆدێلە نزمە جەستەیەکی درێژ و وەرزشی هەیە، گڵۆپەکانی پێشەوە دەکەونە سەر پانێڵێکی تاریک لەمسەر بۆ ئەمسەری بەشی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکە، گڵۆپەکانی دواوەش فۆرمێکی سێ ڕەهەندییان هەیە، ئۆتۆمبێلەکە پەنجەرەی دواوەی نییە و بەشی دواوەی بە کامێرا دەردەکەوێت بەشێوەیەکی بەردەوام.

کۆمپانیای هۆندا وردەکاری تەکنیکی سەبارەت بەو ئۆتۆمبێلانە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام دەڵێت بە یەک بارگاویکردنەوە دەتوانن نزیکەی 300 میل (482 کیلۆمەتر) ببڕن، سووکانی ئۆتۆمبێلەکان بە شێوەیەکی میکانیکی بە ویلەکانەوە نەبەستراوەتەوە و بە سیستەمێکی ئەلیکترۆنی کۆنترۆڵ دەکرێت.
هاوکات لەگەڵ نمایشکردنی ئەم دوو ئۆتۆمبێلە، هۆندا پەردەی لەسەر سیستەمی کارپێکردنی نوێی کۆمپانیاکە لادا، سیستەمی کارپێکردنەکە ناوی ASIMO OS ـە و ناوی ئەو ڕۆبۆتە مرۆڤدۆستەیە کە هۆندا زیاتر لە بیست ساڵ لەمەوبەر دروستی کردووە.
هۆندا دەڵێت سیستەمی کارپێکردنەکە خوو دەگرێت بە شێوازی هەڵسووکەوتی شۆفێر لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکە و بە گوێرەی رەفتاری شۆفێر خۆی رادەهێنێت و بەو پێیەش ئۆتۆمبێلەکە ڕێکدەخات.
ئەم سیستەمە کارپێکردنە بە زیرەکی دەستکرد گۆشکراوە کە قسە لەگەڵ شۆفێر دەکات و بە پشکنینی باری دەروونی، لە شۆفێرەکە تێدەگات، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لەلایەن کۆمپانیای هۆندا بڵاوکراوەتەوە، ئاسیمۆ بە شۆفێرەکە دەڵێت "تۆ هەست بە باشی ناکەیت و دواتر گۆرانییەکی خۆشی بۆ دەخاتە سەر".
ئۆتۆمبێلەکانی هۆندای زنجیرەی "زیرۆ" ئاستی سێیەمن، لەم ئاستەدا و لە هەندێک ڕێگادا، شۆفێر دەتوانێت دەستەکانی لە سوکان بەربدات و تەنانەت چاوی دابخات، لێخوڕینەکە بە تەواویی بۆ ئۆتۆمبێلەکە جێبهێڵێت.

 

هـ . یـ

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن