راچڵەكین -
كۆماری ئیسلامیی ئێران گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ چەند وڵاتێكی ئەوروپا دەستپێدەكاتەوەو لەسەرەتای مانگی داهاتوو، یەكەم گەشت لە فڕۆكەخانەی تاران-ەوە بۆ پاریس ئەنجام دەدرێت.
كۆمپانیای فڕۆكەوانیی ئێران لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، نزیكەی سێ ساڵە هەوڵ بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان بۆ ئەوروپا دەدرێت و هەوڵەكانیش ئەنجامی ئەرێنییان بەدەستهێناوەو بڕیارە لەرۆژی 1ی شوباتی ئەمساڵ گەشتێكی ئاسمانی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی تاران-ەوە بۆ پاریس-ی پایتەختی فەرەنسا ئەنجام بدرێت.
كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوەشكردووە، پلان هەیە دووبارە گەشتە ئاسمانییەكان بۆ هەریەك لە وڵاتانی ئیسپانیا، ئەڵمانیاو نەمسا دەستپێبكاتەوە، بەڵام تائێستا بڕیاری كۆتایی لەبارەیانەوە نەدراوە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، گرفتی سەرەكیی بەردەم دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی ئێران بۆ وڵاتانی ئەوروپا، پێنەدانی سووتەمەنییە بە فڕۆكەكانی ئێران لە فڕۆكەخانەكانی ئەوروپا، ئەمەش بەهۆی ئەو سزایانەی كە لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە بەسەر كۆماری ئیسلامیدا سەپێندراوە.