راچڵەکین-
شەوی رابردوو لە شەقامی قودس- کەرکوک لەلایەن
چەند کەسێکەوە تەقە بەڕووی دوو پارێزەردا کراوە، لە ئێستاشدا هێزە ئەمنییەکان
دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و سەندیکای پارێزەرانی کەرکوکیش داوا دەکات رێگەیان
پێبدرێت چەک هەڵگرن.
ئەمڕۆ یەکشەممە،محەمەد عەلائەدین
بەڕێوەبەری کارگێڕی لقی کەرکوکی سەندیکای پارێزەرانی عیراق رایگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن دوو پارێزەرەوە
ئاگادارکرانەوە لە روداوێکی تەقەکردن دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و
دەرکەوت کێشەیەکی زۆر ئاسایی بووە کە شایەنی باسکردن نییە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لایەنی بەرامبەر کە چەند
کەسێک بوون چەکیان لە دوو پارێزەرەکە راکێشاوە و سوکایەتیان پێکردوون
لەبەردەم نوسینگەکەی خۆیان،جگە لەوەش تەقیان کردووە بەسەریاندا.
محەمەد عەلائەدین دەشڵێت، "داواکارین
وەزیری ناوخۆی عێراق بە زووترین کات ئاسانکاریمان بۆ بکات بۆ ئەوەی مۆڵەتی چەک
هەڵگرتنمان پێبدات، چونکە پارێزەران لە بازنەیەکی ترسناک کاردەکەین و مەترسیمان
لەسەرە".
بنکەی پۆلیسی تسعین لە کەرکوک رایگەیاندووە
کە هەر شەوی رابردوو دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوە بە کامێراکانی
چاودێری شوێنی رووداوەکە، بەڵام تا ئێستا کەس لەسەر ئەو بابەتە دەستگیرنەکراوە.
بەگوێرەی میدیا عەرەبییەکان، ساڵی
رابردوو زیاتر لە 7 جار لە کەرکوک هێرش کراوەتە سەر ماڵی چەند پارێزەرێک و دەرگا و
ئۆتۆمبێلیان تێکشکێندراوە و هەڕەشەیان لێکراوە.