راچڵەکین-
بڕیارە لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، سەرۆکی هەرێم سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە،بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێم،نێچیرڤان بارزانی،سەرۆکی هەرێم لەبارەی شایستە داراییەکان و پرسی مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو وە مووچەی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی،سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.
هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان شایستە و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان تاوتوێ دەکات، بە ئامانجی چارەسەری کێشەکان، بەتایبەت کێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان. بڕیاریشە لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا باسی دۆخی عێراق و پێگەی لە ناوچەکە و هەڵوێستی بەرامبەر رووداوەکان بکرێت و ئەنجامی سەردانەکەی سوودانی بۆ تاران لە کۆتاییەکانی هەفتەی رابردوو، لەگەڵ دۆخی سووریا دوو تەوەری دیکەن کە لە گفتوگۆکاندا باسیان لێوە دەکرێت.
بە گشتی ئەو دۆسیانە لەنێوان هەولێر و بەغدا هێشتا چارەسەر نەکراون تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان دەبن:
یەکەم؛ شایستە و بەشەبودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان
دووەم؛ هەمواری یاسای بودجە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان
سێیەم؛ کێشەی دەروازە سنوورییەکان و بازرگانی
چوارەم؛ کێشەی ماددەی 140 و ناوچەکان
دوێنێ شەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و نوێنەرانی کورد لە بەغدا کۆبوونەوە و لەو بارەیەشەوە پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران چەند وەزیرێک ڕاسپێردران بۆ ئەوەی داواکاریی و پەیامەکانی هەرێمی کوردستان بگەیەننە حکوومەتی بەغدا.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە کۆبوونەوەکەیاندا لەلایەن وەزیری دارایی و وەزیری سامانە سروشتییەکان پەنجە خرایە سەر هەموو وردەکارییەکان و گرفتەکان، هەروەها سەرجەم وەزیرەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کێشە و گرفتەکانیان لە بارەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە تاوەکوو ئێستا حکوومەتی فیدراڵ پێیانی نەداوە.
باسی لەوەش کرد، ئەرکی هەرێمی کوردستان بەرانبەر بە حکوومەتی عێراق چییە؟ چەند لە ئەرکەکانمان جێبەجێ کردووە و چەندیشیمان جێبەجێ نەکراوە لە میانەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ کراوە و لەو بارەیەشەوە سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی، داوایان لە وەزیرەکان و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا کرد بە یەکەوە پەنجە بخەنە سەر وردەکارییەکان، ئەگەر ڕەخنەیەک یان کەموکوڕییەک هەیە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوە پرۆژە و پێشنیازیان لەم بارەوە بخەنە ڕوو.