ڕاچڵەکین سپۆرت -
مارکوس ڕاشفۆرد، هێرشبەری یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی، دەیەوێت لە گواستنەوەی زستانەی وەرزی ئێستادا ڕوو لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بکات.
ڕۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، یانە کەتەلۆنییەکە لە ئێستاوە دەیەوێت هێڵی پێشەوەی پێکهاتەی هانسی فلیک بەهێز بکات و مارکۆس ڕاشفۆرد بباتە ریزەکانییەوە.
ڕۆژنامەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی بەرشەلۆنە، دیکۆی پورتوگالی، لە ئێستاوە کار لەسەر گرێبەستەکە دەکات، بەڵام یانەکە پێویستی بە دابینکردنی شوێنی دارایی هەیە پێش ئەوەی گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە بکات.
بەرشەلۆنە پێشتر پرسیاری لە دۆخی یاریزانەکە کردووە، هەروەها پەیوەندی بە نوێنەرانی ڕاشفۆردەوە کردووە، لە هەمان کاتدا یانەکە ڕاپۆرتی ئەرێنی لەسەر ئەو یاریزانە هەیە کە یاریزانێکی هەمەلایەنە لە هێرشبردندا، ئەمەش لەگەڵ داواکاریی بارسادا دەگونجێت، ئاماژە بەوە دەکات کە مارکۆس لە یاریکردن لە پۆستی هێرشبەردا باشە ، هەروەها دەتوانێت لە باڵی هێرشبەری ڕاست و چەپ یاریی بکات.
ڕۆژنامە کەتەلۆنییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕاشفۆرد ئامادەیە دەستبەرداری بەشێکی زۆری مووچەکەی لەم وەرزەدا بێت کە ماوەتەوە بۆ ئاسانکاری ڕۆشتنی بۆ بەرشەلۆنە، چونکە 5 ملیۆن یۆرۆی ماوە، لە کۆی 10 ملیۆن مووچەی پاکی ئەم وەرزە لەگەڵ یونایتد، و یاریزانەکە دەیەوێت دەستبەرداری 2 ملیۆن یۆرۆ ببێت و تەنها 3 ملیۆن لە بەرشەلۆنە وەربگرێت.