ئۆلاف شۆلتز، راوێژكاری ئەڵمانیا
راچڵەكین -
راوێژكاری ئەڵمانیا هێرشێكی توند دەكاتە سەر ئەمریكاو رایدەگەیەنێت، هەندێ لایەنی سیاسی ئەو وڵاتە هەوڵی تێكدانی دامەزراوە دیموارسییەكانی رۆژئاوا دەدەن.
ئۆلاف شۆلتز، لەمیانی بەشداریكردن لە كۆنگرەی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا (SPD)، لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەوروپا و ئەمریكا، رایگەیاند: نازانرێت لەساڵانی داهاتودا ئاستی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ واشنتۆن لە چ ئاستێك دەبێت، لەبەر ئەوەی هەندێ لایەنی سیاسی ئەمریكا بە ئەنقەست كار بۆ تێكدانی دامەزراوە دیموكراسییەكانی رۆژئاوا دەكەن، ئەمەش كارێكی مەترسیدارەو بەدڵنیاییەوە كاریگەریی لەسەر پەیوەندییەكانی نێوانمان دەبێت.
راوێژكاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەكرد، ئەوەی ئێستا روودەدات، بەر لە چەند مانگێك هەرگیز بەخەیاڵی هیچ كەسێكدا نەدەهات كە رووبدات.
شۆڵتز هەرچەندە ناوی ئەو لایەنە سیاسییانەی ئەمریكای نەهێنا كە بەوتەی خۆی كار بۆ تێكدانی دامەزراوە دیموكراسییەكانی رۆژئاوا دەكەن، بەڵام قسەكانی وەك وەڵامێك بۆ لێدوانەكەی ئیلۆن مەسك ملیاردێری ئەمریكایی دێت، كە لەچەند رۆژی رابردوودا راوێژكاری ئەڵمانیای بە كەسێكی نابووت وەسفكردبوو، پێشبینیشی كردبوو لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەڵمانیا، پارتی راستڕەوی ئەو وڵاتە سەركەوتن بەدەستبهێنێت و پارتەكەی راوێژكاری ئەڵمانیاش دووچاری شكستێكی گەورە ببێتەوە، مەسك داواشی لە دەنگدەرانی ئەڵمانیا كردبوو دەنگ بە (پارتی جێگیرەوە لەپێناو ئەڵمانیا)ی راستڕەو بدەن، راشیگەیاندبوو تەنها ئەو پارتە دەتوانێت ئەڵمانیا رزگار بكات.