پەیامی مەسرور بارزانی لەبارەی مووچەوە

کوردستان

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 151

راچڵەکین-

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەمڕۆیی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ پەرلەمانتار و وەزیرە کوردەکانی حکومەتی عێراق لە میانەی کۆبوونەوەکەدا باسی لەوە کرد کە ناکرێت هەموو کێشەی خۆمان تەنیا لە بابەتی مووچەدا کورت بکەینەوە و بەداخەوە بەغدا بە سیاسەتێکی سەرکەوتووانە توانیویەتی کێشەکانی ئێمە بچووک بکاتەوە بۆ چوارچێوەی مووچە.

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، هەموومان مووچەخۆر و فەرمانبەری ئیداری و پێشمەرگەمان هەیە، بۆیە نابێت ئینتیمای سیاسی حیزبە سیاسییەکان رێگر بێت لەوەی هەمووتان نوێنەرایەتی هەموو کوردستان بکەن، بۆیە لەم کبوونەوەیادا بە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان و حکومەتی عێراقی دەڵیم، "ئێوە سێ ئەرکی گرنگتان لەسەر شانە، چ وەک وەزیر و چ وەکو پەرلەمانتار، یەکێکیان کاری پیشەیی خۆتانە کە لە ئاستی وەزارەت و پەرلەمان دەبێت جێبەجێی بکەن، دووەم، هەر یەکێکتان سەر بە لایەنێکی سیاسییە، بێگومان بەرژەوەندیی لایەنی سیاسیی خۆیشتان لەبەرچاو دەگرن، بەڵام ئەرکی هەرە گەورەتان ئەرکی نیشتمانپەروەرییە، سەر بە هەر حیزبێک بن و لە هەر پۆستێک بن، ئێوە نوێنەری خەڵکی کوردستانن، بۆیە بە رای ئێمە و بە رای هەموو خەڵکی کوردستان، ئەرکی ئێوە ئەوەیە کە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن، بەرگری لە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن، کە بەداخەوە ئەم بابەتە بووەتە بابەتی سەرەکیی گفتوگۆکان، ئەگینا ئێمە چەندین خاڵی دیکە هەیە کە دەبێت داکۆکیی لەسەر بکەین، مادەی 140 هێشتا جێبەجێ نەکراوە، بابەتی ناوچە دابڕێندراوەکان لە هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکراوە، بابەتی پێشمەرگە هێشتا وەکو پێویست چارەسەر نەکراوە، بابەتی قەرەبووی قوربانیانی ئەنفال و قوربانیانی رژێمی پێشوو، هەمووی لەبیرچووە".

هاوکات مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە "ناکرێت ئێمە هەموو کێشەی خۆمان کورت بکەینەوە تەنیا لە بابەتی مووچەدا، بەداخەوە بەغدا بە سیاسەتێکی سەرکەوتووانە توانیویەتی کێشەکانی ئێمە بچووک بکاتەوە و سەرقاڵمان بکات بەوەی ئایا مانگانە مووچەی خەڵکی کوردستان دەدرێت یان نا، ئەی ئەو هەموو شتانەی دیکە چی؟ 100 ساڵە کوردستان قوربانی دەدات، لەپێناو مووچە بووە یان لەپێناو پێناسە، خاک، نیشتمان، یەکسانی و ئازادی بووە؟".

هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەو رەفتارانەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات ستەمکارانە و نادادپەروەرانەیە و قبووڵکراو نییە بۆیە دەبێت ئەم پەیوەندییە راست بکەینەوە." هەر لەوبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وتیشی، "ئەو مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات، مامەڵەیەکی فیدراڵیزم نییە، مامەڵەی فیدراڵیەت و گیانی فیدراڵی نییە، لەگەڵ پارێزگایەکیش بەو شێوەیە مامەڵە ناکات."

لە میانەی کۆبوونەوەکەدا لەبارەی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵییشەوە لەسەر مووچە و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی روونیکردەوە کە حکومەتی فیدراڵ "پابەند نابن بە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی ئەگەر بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان بێت."

سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، کە دەمانەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان لە 2025 لە دڵەڕاوکێ رزگاری بێت، هەروەها ئەگەر ئێمە یەکهەڵوێست بین و بەغدا هەست بەوە بکات کە کوردستان جیددییە لەوەی پێداگیری لەسەر مافە دەستوورییەکانی خۆی و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و مافی تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان دەکات، من باوەڕ ناکەم بەغدا نە ئەو هێزەی هەبێت و نە ئەو نیەتەی هەبێت، بتوانێت پەراوێزی خەڵکی کوردستان بکات و داواکارییەکانمان نادیدە بگرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن