راچڵەکین-
بەر لە گەڕانەوەی بۆ
کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، زۆرێک لە وڵاتانی نیگەران
کردووە سەبارەت بە خواستی ئەمریکا بۆ ئەوەی کەناڵی پەنەما و هەرێمە
سەربەخۆکەی دانیمارک بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە.
ترەمپ هەردوو ناوچەکەی بە پێگەیەکی ستراتیژیی گرنگ بۆ پاراستنی ئابووری ئەمریکا ناساندووە و هۆشدارییداوە
بە زۆرێک لە وڵاتان لە هەر حاڵەتێکدا ئەگەر بیانەوێت ببنە بەربەست لەبەردەم ئەم
پێشڕەوییە سەربازییەی ئەمریکا.
ئەمە بۆ یەکەم جارە کە ترەمپ بە شێوەیەکی ئاشکرا، باس لە
کەڵکوەرگرتن لە هێزی سەربازیی ئەمریکا بەم شێوەیە بکات، جگە لەوە باسی لە بەکارهێنانی
فشارە ئابوورییەکان کرد بۆ سەر کەنەدا بە مەبەستی لکاندنی بە ئەمریکاوە.
کەناڵی پاناما، هەرێمی گرینلاند،
دانیمارک و کەنەدا تێکڕا تووڕەیی خۆیان لە بەرامبەر وتارەکانی ئەم دواییەی ترەمپ
نیشانداوە.
کەناڵی پەنەما کە رێڕەوێکی ستراتیژیی
گواستنەوەی ئاوییە و دەکەوێتە نێوان زەریای ئەتڵەسی و زەریای هێمن، دوای گرتنەئەستۆی دروستکردنی کەناڵەکە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا و پاش دەیان ساڵ لە
دانوستان، نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەسەڵاتی تەواوی کەناڵەکەی لە ساڵی ١٩٩٩
دا بە کۆماری پەنەما.
لە ئێستادا ترەمپ داوای
دووبارە گەڕاندنەوەی کەناڵەکە دەکات بۆ ژێر رکێفی ئەمریکە بە بەهانەی پاراستنی
ئاساییشی ناوخۆیی، ئەو دەڵێت " کەناڵی پەنەما بۆ وڵاتەکەمان چارەنووسسازە،
ئەم کەناڵە لەلایەن چینەوە بەڕێوە دەبرێت و ئێمە کەناڵەکەمان داوە بە پەنەما نەک
بە چین، ئەوان بە نەرێنی کەڵک لەو دیارییەی ئێمە وەردەگرن".
گرینلاند، هەرێمێکی
سەربەخۆیە لە چوارچێوەی شانشینی دانیمارک، یەکێکە لە کەمدانیشتووترین ناوچەکانی
جیهان، ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٩ و لەیەکەم خولی سەرۆکایەتییەکەیدا، بیرۆکەی کڕینی
هەرێمەکەی خستەڕوو.
دۆناڵد ترەمپ لەم
دواییانەدا، کەنەدای گەورەترین دراوسێی وڵاتەکەی نیگەران کردووە، بە ویلایەتی
"پەنجاو یەکەمینـ"ـی ئەمریکا وەسفی کردووە و سنوورەکانی نێوانیانی بە "کارتۆنی"
لەقەڵەمداوە.
نۆ رۆژ ماوە بۆ ئەوەی دۆناڵد
ترەمپی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بچێتە ناو کۆشکی سپییەوە و هەر لە ئێستاوە وتارەکانی
بوونەتە جێی قسەوباس لە میدیا جیهانییەکاندا.
هـ . یـ