راچڵيکین-
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند،
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە بارەی پرسی مووچە
بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کورد لە بەغدا ساز دەکات و هەردوو فراکسیۆنی کۆمەڵ و
یەکگرتووش رەتیان کردەوە بەشداری لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا بکەن.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی
هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر 10
لە شاری هەولێر بە ئامادەبونی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵی و
سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی سەرجەم لایەنەکان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق،
لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران و جێگری
سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانی حکومەتی هەرێم کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەن
ئەنجامدەدرێت.
باسی لەوەشکردووە، بابەتی کۆبونەوەکە
تایبەتە بە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵی
عێراق، بەڵام لای خۆیانەوە هەردوو فراکسیۆنی یەکگرتوو و کۆمەڵی دادگەری لە
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان داوە.
لەلایەکی دیکەشەوە،موسەننا ئەمین
پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاندووە، ئەوان بەشداری کۆبوونەوەکەی حکومەتی هەرێم ناکەن، چونکە
بێزاربوون لەم کۆبوونەوانە و ناچنە کۆبوونەوەیەکەوە کە ئەجێنداکەی دیارنەبێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، حکومەتی هەرێم
ڕاستیەکان بە ئێمە ناڵێت قەیران لەدوای قەیران دەخوڵقێنێت و هاووڵاتیانی هەرێم
برسی دەکات، داهاتەکان ئاشکرا ناکات ناتوانێت ڕێککەوتنێکی کۆنکریتی درێژخایەن
لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، نزیکەی ساڵێک
تێپەڕی نەیتوانی لیستی مووچە لەگەڵ حکومەتی بەغدا ڕێک بکاتەوە و کێشە و قەیرانەکان
بەردەوام زیاد دەکات کەم ناکات.وتیشی،"تا ئێستا مووچەی مانگی 12ی
فەرمانبەرانی نەداوە وە ئەو داتایانەش کە دەیخاتەڕوو جێگەی متمانەنین بۆ ئێمە،
بۆیە ئێمە هیچ بە پێویستی نازانین حکومەت قەیرانێکی هەبوو هەڵوێستێک دەربڕێ ئێمە
لەگەڵ خۆی ڕیزبکات ئێمە لەگەڵ حکومەت ڕیز نابین ئێمە ئۆپۆزسیۆنین".