راستییەكان لەبارەی گرێبەستی تاقیگە حكومییەكان ئاشكرا دەبێت

کوردستان

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 177

راچڵەكین -

پەرلەمانتارێك نوسراوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڵاودەكاتەوە كە ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی كراوەو تێیدا رەزامەندی دراوە لەسەر پێدانی گرێبەستی دابینكردنی پێداویستییەكانی سەرجەم تاقیگە حكومییەكان بە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت بۆماوەی 10 ساڵ و لە دەستبەری بانكییش دەبەخشرێت.

بەگوێرەی ئەو نوسراوەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كردستان، كە عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردووەتەوە و مۆری نهێنیی پێوەیەو بەواژۆی ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی كراوە،  تێیدا هاتووە كە لەسەر راسپاردەی سەرۆكوەزیران، رەزامەندی دراوە لەسەر دابینكردنی پێداویستی تاقیگەیی بۆ تاقیگەكانی كەرتی حكومی لە دام و دەزگاكانی تەندروستی و ئەنجامدانی پشكنینەكان لەلایەن كۆمپانیای بیدكۆ بۆ بازرگانی كەلوپەلی پزیشكی و تاقیگەیی و ئامێری پزیشكی.

وەك لە نوسراوەكەدا هاتووە، گرێبەستەكە بۆماوەی 10 ساڵ دەبێت و بەپێی پێویست ماوەكە درێژدەكرێتەوە، كۆمپانیاكەش لێخۆشبوونی لە هێنانی دەستەبەرری بانكی بۆ دەكرێت.

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریشیداوە تەرخانی دارایی پڕۆژەكە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم دەكرێت، شایستە داراییەكانی كۆمپایاكەش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی تەندروستی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بەشێوەی مانگانە خەرج دەكرێت بەپێی تێستەكانی ئەنجامدراو لە سیستمی ئەلیكترۆنی داڕێژراو (LIS).

دوای دروستبوونی ناڕەزایی لەبارەی گرێبەستەكە، رۆژی سێشەممەی رابردوو، دكتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەلایەن وەزارەتەوە هیچ تاقیگەیەكی حكومی لە هەرێمی كوردستان رادەستی كۆمپانیای ئەهلی نەكراوە و لەو بارەیەشەوە هەرچی دەوترێت دەنگۆن.

ئاماژەی بەوەشكردبوو، پڕۆژەی خزمەتگوزاری تاقیگە حكومییەكان لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا ئەنجامدراوە، كە لەڕێگای كەمكردنەوەی نرخی پشكنینەكان رێگە لە بە هەدەردان دەگرێت، هاووڵاتیانیش دەتوانن لە رێگای ئەپڵیكەیشن و ئەلیكترۆنییەوە ئەنجامی پشكنینەكانیان وەربگرنەوە كە رۆتینی مانەوە لە نەخۆشخانەكان ناهێڵێت.

پێشتریش، كاروان یاروەیس، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایگەیاندبوو: پێدانی تاقیگەی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییە حكومی و گشتییەكان بە كۆمپانیای كەرتی تایبەت، سەرپێچی راشكاوی دەستوری عێراقە و گرێبەستەكەی وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ كۆمپانیاكە پشتی بەهیچ ماددەو بڕگەیەكی یاسایی نەبەستووەو بۆ ماوەی 10 ساڵ تاقیگەكانی داوە بە كەرتی تایبەت.

ئاماژەی بەوەشكردبوو، دوای وەرگرتنی روونكردنەوەی پێویست و بەڵگەنامەكان بیسەلمێنن تاقیگەی نەخۆشخانەو بنكە تەندروستییە حكومی و گشتییەكان دراون بە كۆمپانیا و نرخی پشكنینەكان لەسەر هاوڵاتی زیاد دەكرێ، پاڵپشت بە مادەی (٦١/دووەم) و مادەی (٣١/یەكەم) ئەوا بەهۆكاری سەرپێچی دەستور، تانە لە بڕیارەكە دەدەین و بۆ ئەم مەبەستە راوێژكاری یاساییمان راسپاردووە ئامادەكارییەكان تەواوبكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن