وێنە: ئەرشیف
راچڵەكین -
سوپای توركیا لە هێرش و بۆردومانەكانی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان بەردەوامەو بە درۆن ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەك بۆردومان دەكات.
میدیاكانی ناوخۆی رۆژئاوای كوردستان بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ هەینی درۆنێكی سوپای توركیا لە گوندی خانا سەری لە سنووری شاری دێرك-ی رۆژئاوای كوردستان، ئۆتۆمبێلێكی مەدەنی بۆردومان كرد.
لەئەنجامی بۆردومانەكەدا زیانێكی زۆر بەر ئۆتۆمبێلەكە گەیشت، بەڵام هیچ زانیارییەك لەبارەی ئەگەری قوربانی بەهۆی رووداوەكە بڵاونەكراوەتەوە.
رووداوەكە لەكاتێكدایە شەڕو پێكدادان لەنێوان شەڕڤانانی هەسەدەو چەكدارانی گروپە بەكرێگیراوەكانی لایەنگری توركیا لە دەوروبەری بەنداوی تشرین بەردەوامە، سوپای توركیاش بە هێرشی ئاسمانی و تۆپباران، هاوكاری گروپە تیرۆریستییەكان دەكات، رۆژی چوارشەممەی رابردوو توركیا بە درۆن كاروانی هاوولاتیانی مەدەنی كردە ئامانج كە بەرەو بەنداوی تشرین دەچوون، بەهۆی بۆردومانەكەوە ژمارەیەك هاووڵاتی مەدەنی شەهیدو بریندار بوون.
پێشتریش، هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاندبوو، سەرجەم هێرش و پەلاماری گروپە چەكدارە تیرۆریستییەكانی لایەنگری توركیا بۆسەر گوندەكانی دەوروبەری بەنداوی تشرین شكستیان هێناوەو دەیان چەكداری ئەو گروپانەش كوژراون.