کشانەوەی هێزێک لە سوریا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی جەنگێکی دیکە لە ناوچەکەدا

جیهان

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 343

راچڵەکین-

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، دەرگایەکی دیکە  بەڕووی بەهێزبوونەوەی چەکدارانی داعش دا دەکاتەوە و هۆشداریش لە سەرهەڵدانەوەی شەری ناوخۆ لە سووریا دەدات. 

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' لە گفتوگۆکردنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی گاردیەنی بەریتانی داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پەسەندکراوی ئەمریکا کرد، هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بهێڵێتەوە، چونکە بەکشانەوەی ئەو هێزە، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش لەو وڵاتە هەیە.

مەزڵووم عەبدی لەبارەی پێگەی سەربازیی ئەمریکا لە سووریا ئەوەی روونکردەوە،هۆکاری سەرەکی سەقامگیریی ناوچەکە بوونی هێزەکانی ئەمریکایە و ئەگەر بکشێنەوە، ئەوا دەبێتە بە‌هێزبوونەوەی زۆر لە گرووپە چەکدارەکان و لەنێویاندا داعش کە دەبنە هۆی دووبارە بوونەوەی مەترسییەکانی رابردوو بۆسەر جیهان.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی گاردیەن ئەمریکا دوو هەزار سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە، لەو بارەیەشەوە عەبدی رایگەیاند،چەکدارانی داعش دەیانەوێت ئەو دۆخەی ئێستای سووریا  کە بۆشایەکی ئەمنی زۆر دروستبووە بقۆزنەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئەو گرتووخانانەی چەکدارانی پێشووی داعش تێدا دەستبەسەرن.

هەروەها فەرماندەی گشتیی هەسەدە  جەختی لەوەش کردەوە کە کشانەوەیەکی هێزەکانی ئەمریکا، دەبێتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی پڕ ئاژاوەی دیکە کە رەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی شەڕێکی ناوخۆی دیکە، بەتایبەتی زۆر لە گرووپەکان هەڕەشە لە کورد دەکەن.

ئەم لێدوانەی مەزڵوم عەبدی هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی دەستبەکاربوونی ترەمپ، ترس هەیە ئەمریکا هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بکشێنێتەوە،چونکە لە  7-12-2024 کاتێک پرسیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ترەمپ دەکەن، ئەو ستایشی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کرد و لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش وتی "پێتان ناڵێم، لەبەرئەوەی ئەوە بەشێکە لە ستراتیژی سەربازیی." 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن