عەمار حەكیم:پشتیوانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەكەین

عێراق

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 237

راچڵەکین-

سەرۆکی رەوتی حیکمە رایگەیاند،هەڵەبجە پێویستی بە پشتیوانیە و پێویستە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر بە پارێزگابونی بدات بۆ ئەوەی تەرخانكراوە داراییەكانی زیادبکرێت.دەشڵێت، "پشتیوانی هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە دەكەین لە عێراق".

ئەمڕۆ چوارشەممە، عەمار حەکیم،سەرۆكی رەوتی حیكمە، لە پەراوێزی سەردانەكەیدا بۆ مۆنۆمێنتی یادەوەری قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، تاوانی هەڵەبجە دوژمنكارییە بۆ سەر مرۆڤ و تاوانێكە پێویستی بە ناساندن هەیە و ئەو بەرپرسیارێتیەشیان تایبەت بە نەوەكانی داهاتوو خستووەتە سەر شانی خەڵكی هەڵەبجە چونکە جیهان زۆر لەبارەی هەڵەبجەوە نازانێت.

ئاماژەی بەوەش کرد،هەڵەبجە پێویستی بە بنكەی تەندروستی و ئامادەكردنەوەی دەرونی و ناوەندە ژینگەییەكانە لەو بارەیەشەوە داوایکرد کە وەك پارێزگایەكی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت، كە وادەكات تەرخانكراوە داراییەكانی زیادببن و دەرفەتی وەبەرهێنان دەستەبەربكات و ببێتە باشترین خەڵات بۆ خانەوادەی شەهیدان.

پێشتریش محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە رۆژی 13ـی ئازاری 2023ـدا، رەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەرانی لەسەر پرۆژەی هێنانە كایەی پارێزگای هەڵەبجە دەرکرد و پرۆژەیاساکەی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی كرد بۆ دەنگدان لەسەری، بەڵام تائێستا بەهۆی ململانێی سیاسیەوە، شكستی هێناوە لە پەسەندكردن و دانپێدانانی هەڵەبجە وەک پارێزگایەکی عێراق.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن