راچڵەکین-
لە کاتەکانی بەرەبەیاندا ئاگرێکی گەورە لە بەشێکی شاری لۆس ئەنجلۆس-
ئەمریکا کەوتەوە،بەهۆی خێرای با و هەبوونی مادەیەکی زۆری سوتێنەر لە ناوچەکەدا، 30
هەزار کەسی دووچاری ئاوارەبوون و جێهێشتنی ماڵەکانیان بوونەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، رەشەبایەکی توند ئەمریکای گرتووەتەوە و بەهۆی ئەو
رەشەبایەوە، ئاگرێکی بچوک لە لۆس ئەنجلۆس- ئەمریکا 30 هەزار دانیشتووی ناوچەکەی
ناچارکرد کە ماڵەکانیان جێبهێڵن، لەو بارەیەشەوە پێشتر دەسەڵاتداران هۆشدارییان
دابوو لە مەترسیی ئاگرکەوتنەوەیەکی توند بەهۆی رەشەباوە، کە دوای ماوەیەکی زۆر لە
وشکەساڵی، رووی لە ناوچەکە کردووە.
هاوکات، ژمارەیەک ماڵ لەو ناوچەیە سووتاون و بڵێسەی ئاگر
ئۆتۆمبێلەکانی گرتووەتەوە و ئاگرەکەش بەردەوام پێشڕەوی دەکات، لەو دۆخەشدا بەرپرسی
ئاگرکوژێنەوەی لۆس ئەنجلس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، خۆشحاڵە بەوەی
هیچ رووداوێکی برینداربوون و گیانلەدەستدان رووینەداوە، بەڵام خەڵک ماڵەکانیان چۆڵ
کردووە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کۆنترۆڵی ئاگرەکەن.
لەمیانی چڕبوونەوەی ئاگرەکەدا کریستۆفەر نیۆسام، پارێزگاری ویلایەتی
کالیفۆرنیا، باری نائاسایی راگەیاند، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و ئەمبولانس و
فڕۆکەکان لە تەواوی باشووری کالیفۆرنیا لە ئامادەباشیدان، بەهۆی مەترسیی
بڵاوبوونەوەی ئاگرەکە بۆ ناوچەیەکی فراوانتر و دەستپێشخەری کراوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.