راچڵەکین-
هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند،عێراق
هەمیشە کێشەی نوێیان بۆ دروست دەکات و دڵنیا نین لەوەی ئەم ساڵ پرۆسەی ناردن و
دابەشکردنی مووچە بەبێ گرفت تێپەڕدەبێت، چونکە کێشەی مووچە کراوە بە پرسێکی سیاسی.
ئەمڕۆ سێشەممە، هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم لە
چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق هەندێ
بەڵێنی پێداون لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەوە بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی رژدی
لەو بارەیەوە نەناوە.
وتەبێژەکەی وەزارەتی دارایی لەبارەی مووچەی مانگی 12ـی 2024ـەوە
ئاماژەی بەوەش کرد، لە بەغدا تەیف سامی لەبارەی مووچەی مانگی 12ـەوە پێی راگەیاندووین
کە "چارەسەری دەکەم، بەڵام یەک تۆز لەسەرم بووەستن، کێشەی نەختینەمان هەیە".
لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی روونکردووەتەوە، ساڵی رابردوو عێراق بە
نزیکەی مووچەی دە مانگی رەوانە کردووە،بەڵام ساڵی رابردوو خەرجی بەکاربردن و
وەبەرهێنانمان بۆ خەرج نەکراوە لەلایەن
بەغداوە.
جەختی لەوەش کردەوە، پرسی مووچە لەلایەن بەغداوە بە سیاسی کراوە و بە
میزاج مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکەن، چونکە وەک روونیشە پشکی هەرێمی کورستان لە 2024
بە تەواوی خەرج نەکراوە، جگە لەوەش بەغدا هەرێمی کوردستانی لە جۆرەها خەرجی و پشکی
فیدراڵی بێبەش کردووە.
لە کۆتای قسەکانیدا هونەر جەمال، سەبارەت مووچەی مانگی 12 و لەو
پارەیەی بەغدا ناردوویەتی لە ئێستادا تەنها 70 ملیار دینار ماوەتەوە بۆ تەواوکاری
خشتەی مووچە و هەندێک بابەتی دیکە بەم نزیکانە شاندێکی وەزارەت دەگەڕینەوە بۆ
بەغدا.