خانەنشینان مووچەکانیان هاوتا دەکرێت و قەرەبووش دەکرێنەوە

ڕاپۆرت

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 1839

راچڵەکین-

دوای ئەوەی لە مانگی 7ـی ساڵی 2024ـەوە بڕیاری هاوتاکردنی مووچە خانەنشینانی هەرێم درا، لەو رۆژەوە بۆ یەکەم جار ئەو خانەنشینانەی کە پێش 2014 خانەنشین کرابوون مووچەکانیان بە هاوتا کراوەی وەرگرت و بڕی 2 ملیۆن دیناریشیان وەک قەرەبووی ماوەی هاوتاکردنەوە وەرگرتووە.

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی راچڵەکین لە رۆژی 5ـی ئەم مانگەدا خانەنشینانی پێش ساڵی 2014 لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەڵەبجە، کۆیە و پشدەر بۆ یەکەم جار مووچەیان بە هاوتاکراوی وەرگرتووە.  
لەو بارەیەشەوە، سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان رایگەیاند، ئەو خانەنشینانەی کە دوێنێ مووچەکانیان بە هاوتاکراوی  وبۆ یەکەم جار وەرگرت لەو سنورانە، قەرەبووی چوار مانگی رابردووشیان وەرگرتووە کە بۆیان هاوتا نەکرابوو.

وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان باسی لەوەش کرد، سەرەتا هەڵەبجە، کۆیە و پشدەر مووچەکانیان بە هاوتاکراوەیی وەرگرتووە، چونکە خانەنشینییان کەمە و دواتر تەواوی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کە ساڵانی پێش 2014 خانەنشین بوون، مووچەکەیان بە هاوتاکراوی دابەش دەکرێت.

هاوکات مانگی 7ـی ساڵی رابردوو بەگوێرەی یاسای ژمارە 9ـی  ساڵی 2014ـی یەکگرتووی خانەنشینی دارایی عێراق مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای خانەنشینانی عێراق کرا، بەڵام تەنیا ئەو خانەنشینانەی گرتەوە کە دوای ساڵی 2014 خانەنشین بوون، هاوکات ئەوانەی دوێنێ بۆ یەکەمجار مووچەیان بە هاوتاکراوی وەرگرتبوو، بە گوێرەی قسەی ئەو وتەبێژە ئەوانە بوون کە مووچەیان زیاتر بوو لە 500 هەزار دینار.

جگە لە پلە باڵا و تایبەتەکان، بەرزترین مووچەی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان 918 هەزار دینارە، دوای هاوتاکردن دەبێت بە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار، بەشێکیش کە ساڵی خزمەت و بڕوانامەی بەرزترە مووچەکەی کراوە بە ملیۆنێک و 800 هەزار دینار.

سادق عوسمان جەختی لەوەش کردووەتەوە کە تاوەکو دوێنێ  ئەوخانەنشینانەی کە مووچەکەیان 918 هەزار دینار بووە، رۆژی 5ـی ئەم مانگە بە هاوتاکراوی نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار دیناریان وەرگرتووە، هەروەها بۆ چوار مانگی رابردووش بڕی 2 ملیۆن دینار قەرەبوویان وەرگرتووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەی لیستی مووچەخۆران لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن، کە تاوەکو ئەمڕۆ خانەنشینانی سەربازی مووچەیان بە هاوتاکراوی وەرنەگرتووە.

 وردەکاری هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم؛

 مووچەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان بە پێی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق، واتە جیاوازی مووچەی خانەنشینێك ئێستا چەندەو ئەگەر یاسای خانەنشینی عێراق جێبەجێبكرێت چی لێدێت لەم مانگەوە.

ئەگەر فەرمانبەرێك هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس بێت و تەمەنی گەیشتبێتە 60 ساڵ ئەوە كۆی مووچەی خانەنشینیەكەی لە ئێستادا 902 هەزار و 100 دینار وەردەگرێت، بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق مووچەكەی دەبێتە ملیۆنێک و 555 هەزار دیناری عێراقی هەروەها مووچەی خانەنشینێك لە 500 هەزار دینار كەمتر نابێت.

دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم رەزامەندی دا بە جێبەجێ كردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و هەمواركردنەوەی مووچەی خانەنشینانی هەرێم بەپێی یاسای خانەنشینیی یەكگرتوی ژمارە 9ـی عێراقی 2014 هەمواركراو خەرج دەكرێت، لەوكاتەی یاساكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەگوێرەی خستنەڕووی داتاکانیش کە راچڵەکین شیکردنەوەی بۆکردووە بەم جۆرە دەبێت:

هاوکات مووچەی خانەنشینی بەپێی ئەم یاسایک هەژماردەکرێت، لەرێگای هاوكێشەیەكی دارایی كە تیایدا رەچاوی مووچەی بنەڕەتی و دەڕماڵەی ژیان و دەرماڵەی بڕوانامەی فەرمانبەرەکە دەکرێت، وەک لە نموونەیەیی خوارەوەدا روونکراوەتەوە.

فەرمانبەرێک 15 ساڵ یاخود زیاتر خزمەتی هەیە؛

بۆ هەموو فەرمانبەرێک كە تەمەنیان لە 45 ساڵ زیاترە،وە 15 ساڵ یاخود زیاتر خزمەتیان هەیە بەگوێرەی یاسایی خانەنشینی یەکگرتوو بڕگەی ماددەی 21 ـی یاساکە دەیگرێتەوە کە بریتیە لە؛
مووچەی خانەنشینی بنەرەتی = تێکڕای مووچەی مانگانەی * ساڵی خزمەت * 2.5،پاشان ژمارەیەک دەردەچێت و ئەوژمارەیە دابەشی 100 دەکرێت رێژەیەکی سەدی دەردەچێت کە بریتیە لەو زیادەیەی دەچێتە سەر مووچەکەی.

واتە، فەرمانبەرێك کە هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس بێت، لە تەمەنی 60 ساڵیدا خانەنشین بێت واتا 38 ساڵ خزمەتی کردبێت لە کەرتی گشتیدا، بە گوێرەی یاساکە كۆی مووچەی بنەڕەتیەكەی بەگوێرەی هاوتاکاکردنی مووچە دەبێت یەک ملیۆن و 127 هەزار دینار وەبگرێت.

چۆن مووچەکانیان هەژماردەکرێت؟

پێویستە هەر خانەنشینێک تۆماری مووچەی سێ ساڵی رابردووبزانێت، بەم هەنگاوانە هەڵبستێت بە هەژمارکردنی مووچەکەی دوای هاوتاکردن، بە پشتبەستن بە یاسایی خانەنشینی عێراقی لە دەستوردا؛

کۆی مووچەی سێ ساڵی رابردووی کە دەکاتە 12*3=36 مانگ، واتە هەڵبستێت بە کۆکردنەوەی مووچەی 36 مانگی رابردووی خۆی دوای ئەوەی خانەنشینکراوە وەک مووچەی بنەڕەتی.

مووچەی ساڵی یەکەم؛ مووچەی بنەڕەتی ساڵی یەكەم ملیۆنێک دینار بووە ، دەبێت لێکدانی 12 مانگی ساڵی یەکەم بکرێت کە دەکاتە 12 ملیۆن دینار.

مووچە ساڵی دووەم؛ مووچەی بنەڕەتی ساڵی دووەم ملیۆنێک و 108 هەزار دینار بووە، دووبارە کەڕەتی 12 مانگ دەکرێت کە دەکاتە 13 ملیۆن و 296 هەزار دینار.

مووچەی ساڵی سێیەم؛ مووچەی بنەڕەتی ساڵی سێیەم ملیۆنێک و 128 هەزار دینار بووە ، بەهەمان شێوەی دوو ساڵی رابردوو کەڕەتی 12 مانگی ساڵەکە دەکرێ و دەکاتە 13 ملیۆن و 536 هەزار دینار.

واتا كۆی مووچەی بنەڕەتی ئەو سێ ساڵەی هەر مووچەخۆرێکی خانەنشینی هەرێم کە هاوتای عێراق کراوە دەکاتە 39 ملیۆن و 88 هەزار دیناری عێراق ، بۆ ئەوەی تێکڕای مووچەکانیان وەربگرێت دابەش دەکرێتەوە بەسەر سێ ساڵەکەدا کە بۆ هەر مانگێک دەکاتە یەک ملیۆن و 108 هەزار و 100 دیناری عێراقی.


بەگوێرەی یاسایی عێراقی دەبێت ١٪ مووچەکەی لێدەربکرێت بەم جۆرە

دەرماڵەی پژێوی كە بریتیە لە 1٪ـی تێکڕای مووچەی خانەنشینی بنەڕەتی بۆ هەر ساڵێكی خزمەت کە هەیبووە لەماوەی کارکردنیدا، واتە بۆ هەر ساڵێکی 38 ساڵی خزمەتکردن یاخود 15 ساڵی خزمەتکردن 1٪ـی مووچەی هەر ساڵێک دەبڕدرێت.

دەرماڵەی بژێوی خانەنشینان = 1 ( هەر ساڵیک رێژەی 100٪) * ملیۆنێک و 108 هەزار* 15 ساڵ خزمەتکردن / 100 = 166 هەزار و 200 دینار
دەرماڵەی بژێوی هەر خانەنشینێک بۆ 15 ساڵ : 166 هەزار 200 دینارە

بەگوێرەی هەمان ماددە دەرماڵەی بڕوانامەش دەبێت بەم جۆرە هەژماربکرێت؛

دەرماڵەی بڕوانامە بەگوێرەی ساڵی خزمەت هەماردەکرێت، و هەر ساڵیک 10٪ـی تێکڕای مووچەکەی دەکات کەبۆ هەر بڕوانامەیەک رێژەکە دەگۆڕدرێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی زۆرترین خانەنشین هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە؛

دەرماڵەی بڕوانامە بۆ بەكالۆریۆس * 10٪ ـی مووچەی بنەڕەتی کە ملیۆنێک 108 هەزار دینارە = 108 هەزار دینار
دەرماڵەی بڕوانامە: 108 هەزار دینار

كۆی مووچەی خانەنشینی= خانەنشینی بنەڕەتی + دەرماڵەی بژێوی + دەرماڵەی بڕوانامە

كۆی مووچەی خانەنشینی ملیۆنێک و 108 دینار + 166 هەزار دینار + 108 هەزار دینار= یەک ملیۆن و 382 هەزار و 200 دینار.

واتا كۆی مووچەی خانەنشینێك كە تەمەنی گەیشتبێتە 45 ساڵ و 15 ساڵ خزمەتی كردبێت مووچەكەی دەكاتە: ملیۆنێك و 382 هەزار  و 200 دینار

بەڵام بڕگەی پێنج لە مادەی 21ـی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو، نابێت كۆی مووچەی خانەنشینی لە 100٪ـی مووچەی فەرمانبەر بێ دەرماڵەكانی زیاتر بێت، ئەگەر مەبەست لە كۆی مووچەی بنەڕتی زیاتر بێت ئەوا ئەو كات كۆی مووچەی خانەنشێك بەو نمونەیەی سەرەوە دەكاتە یەک ملیۆن و 128 هەزار دینار نەوەک یەک ملیۆن و 382 هەزار دینار.

ئەم هەژمارکردنە بەبێ ئەو دوو پلە بەرزكردنەوەیەی كە لە لەلایەن حكومەتی کاربەڕێکەرەوە راگیراوە؛

کەمترین مووچەی خانەنشینی بەپێی یاسایی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق 500 هەزار دینارە، هەروەها ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەتوانێ بەگوێرەی رێژەی هەڵاوسان مادەی 36ـی عێراقی یاساکە ، بەپێی ئەم مادەیەی دوایی حكومەتی فیدڕاڵی 100 هەزار دیناری دیكەی بۆ مووچە نزمەكانی خانەنشینان زیادبکات.

بەو پێیە بەشێك لە خانەنشینانی هەرێمی كوردستان مووچەكانیان (100٪ زیاد دەكات كە بەشێكیان مووچەكەیان لە خوار 300 هەزار دینارەوەیە ئەوكات دەبێتە 600 هەزار دینار.

هەر فەرمانبەرێك 15 ساڵ خزمەتی هەبێت ئەوا سەرەڕای مەچەی مانگانەی خانەنشینی، پاداشتی كۆتایی خزمەتیشی پێدەدرێت كە بریتیە لە 12 مووچەی تەواو (واتە 12 * بڕی دوا مووچە كە لە وەزیفە وەریگرتوە بە مووچەی بنەڕەتی و سەرجەم دەرماڵەكانی) واتا ئەگەر فەرمانبەرێك بیەوێت خانەنشین بێت و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت ئەوە 12 مووچەی كۆتایی وەردەگرێت لە بری شەش مووچە، واتا ئەگەر فەرمانبەرەكە  ملیۆنێك و 20 هەزار دیناری هەبێت ئەوا 12 ملیۆن و 240 هەزار دینار وەردەگرێت.

خۆ ئەگەر فەرمانبەرێك كۆی مووچەكەی گەیشتبێتە دوو ملیۆن دینار و خانەنشین بێت لە بری شەش مووچە واتە 12 ملیۆن دینار، ئەوە 12 مووچەی کۆتایی وەردەگرێت واتە بەگوێرەی یاساکە 24 ملیۆن دینار وەردەگرێت.

لەلایەکی دیکەشەوە، بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق ، مووچەی خانەنشینی وەزیرو پەرلەمانتار و پلە باڵاكان كە تەمەنیان نەگەیشتووەتە 45 ساڵ و 15 ساڵ خزمەتیان هەیە، هیچ مووچەیەك وەرناگرن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن