ترەمپ لە نامەیەکدا هۆشداری توند دەداتە سودانی

عێراق

پێش 4 هەفتە     ژمارەی بینراو 341

راچڵەکین-

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە میدیا عەرەبیەکانی راگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێکی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکاوە پێ گەیشتووە و لە پەیامەکەدا هۆشداری دراوەتە سودانی.

ئەمڕۆ یەکشەممە، میدیا ناوخۆییەکانی عێراق لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویانکردووەتەوە کە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەیامێکی توندی لە دۆناڵد ترەمپ،سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەرێگای نێردراوی تایبەتی ئەمریکا لە خاکی عێراق پێگەیشتووە.

هاوکات سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردوە، دیارترین خاڵەکانی پەیامەکە بریتی بوون لەوەی پێویستە چەک لەلایەن دەوڵەتەوە کۆنترۆڵ بکرێت، هەروەها چالاکیی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران ڕابگیرێت، ئەمە جگە لەوەی عێراق دەستوەردان لە کاروباری سووریا و حکوومەتی نوێی ئەو وڵاتەدا نەکات بە هیچ جۆرێک.

لەو بارەیەشەوە راچڵەکین هەوڵیدا پەیوەندی بە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بکات بەڵام ئامادەنەبوون لەو بارەیەوە هیچ لێدوانێک بدەن.

دوێنێ شەممە، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە بەغدا لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی شەهیدی عێراق و یادکردنەوەی شەهید محەممەد باقر حەکیم رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵیان دا عێراق بخزێننە نێو گۆڕانکارییەکانی سووریا و باسیان لە گۆڕانی سیستەمی سیاسیی عێراق دەکرد، بەڵام هیچ دەوڵەت و لایەنێک بۆی نییە گۆڕانیی سیاسی و ئەمنی بەسەر عێراقدا بسەپێنێت.

سوودانی ئەوەشی خستەڕوو، کە لە چەند مانگی رابردوودا، بە ڕاوێژ و پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دۆست، بە قورسی کاریان کرد و هەوڵێکی زۆریان دا بۆ ئەوەی شەڕ لە عێراق دووربخەنەوە، تا عێراق نەبێتە مەیدانی یەکلاییکردنەوەی ململانێی ناوچەکە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن