لەسەر داواکاری ئەمریکا و تورکیا عێراق دەروازەکانی بەرووی ئەم وڵاتەدا دەکاتەوە

عێراق

04/01/2025     ژمارەی بینراو 453

راچڵەکین-

لەگەڵ کەوتنی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لە بەرەبەیانی8-12ـی ساڵی رابردوو، حکومەتی عێراق هەناردەکردنی نەوتی بۆ ناوخاکی سوریا راگرت، ئەم هەنگاوەشی بۆ داخستنی دەروازە سنورییەکان بوو، بەڵام لە ئێستادا دووبارە لەسەر داواکاری ئەمریکا و تورکیا عێراق نەوت هەناردەی خاکی سوریا دەکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش عێراق بیر لە میکانیزمێک دەکاتەوە بۆ ئەو دەروازانەی کە نەوتی لێوە هەناردە دەکات. 

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق کە قسەیان بۆ ئاژانسی رۆیتەرز کردووە، بڕیاری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ خاکی سوریا دوای ئەوە هاتووە حكومەتی عێراق لەلایەن هەریەكە لە ئەمریكا و توركیاوە وەكو پاڵپشتییەك بۆ ئیدارەی نوێی سوریا لە راپەڕاندنی كاروبارەكانی و سەبارەت بە گرنگیی رێكخستنی دۆسیەی هەناردەكردنی نەوت بۆ سوریا داواکاریەکی بۆ هاتووە.

ئاماژە بەوەش کراوە،میكانیزمەكانی پێشووی هەناردەی نەوت هەڵەی زۆری تێدا بووە،بەڵام لە ئێستادا حكومەتی عێراق دەیەوێت پشت بە میكانیزمێكی نوێ ببەستێت كە زۆر وردتر بێت بۆ گەیاندنی نەوت بە دیمەشق بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەرێگای ئەو دەروازانەی کە لەنێوان عێراق و سوریادا هەن.

حكومەتی عێراق لەدوای كەوتنی رژێمی بەشار ئەسەدەوە، هەناردەی نەوتی بۆ سوریا راگرت، ئەمەش بەهۆی ئەو گۆڕانكارییە سیاسییەی لەو وڵاتە روویدا، هاوکات بەر لە كەوتنی ئەسەد، عێراق رۆژانە نزیكەی 33 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی سوریا دەكرد،  ئەمە جگە لە ناردنی 120 هەزار تۆن لە نەوتی رەش بەشێوەی مانگانە بۆ ئەو وڵاتە.  

راوەستانی هەناردەی نەوتی عێراق، قەیرانی سوتەمەنی لە سوریا گەورەتر كردووە، بەتایبەتیش لەو ناوچانەی كە دەكەونە ژێر كۆنترۆڵی دەستەی تەحریر شام، چونكە كێڵگە نەوتییەكانی سوریا لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات"هەسەدە"و هێزەكانی ئەمریكادان. 

لەلایەکی دیکەشەوە هەفتەی رابردوو، وەزیری وزەی توركیا باسی لەوەكرد، بەشێكی زۆری وێستگەكانی كارەبا لە سوریا لەكاركەوتوون، توركیا بیر لە هەناردەكردنی كارەبا دەكاتەوە بۆ سوریا.


سوریا پشت بە هاوردەكردنی بڕی 5 ملیۆن بەرمیل نەوت دەبەستێت بەشێوەی مانگانە، واتا زیاتر لە 160 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، ئەمەش لەكاتێكدایە بەر لە 2011و راپەڕینی خەڵكی ئەو وڵاتە دژ بە رژێمی ئەسەد، سوریا رۆژانە خۆی نزیكەی 150 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن