راچڵەکین-
بە پشتبەستن بە راپۆرتی مانگانەی وەزارەتی دارایی و لێدوانی ئاوات جەناب، وەزیری
دارایی هەرێمی کوردستان لەم راپۆرتەدا داهاتی ناوخۆ لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا
دەخرێتە ڕوو، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بە داهاتی نەوتی نادرێت، چونکە لەدوای
رۆژی25-3-2023ـەوە هیچ داهاتێکی نەوتی نەگەڕێندراوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و راستەوخۆ
لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەڵسوکەوتی دارایی پێ ئەنجامدراوە.
کورتەی داهات؛
بەگوێرەی کۆتا راپۆرتی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان،کۆی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 2024
گوژمەی 3 ترلیۆن و 559 ملیار و 168 ملیۆن دیناربووە، بەڵام ئەم داهاتە بەتەواوی
خەرجکراوە، واتە بە تێکڕای مانگانە داهاتی ناوخۆی خەرجکراو بریتی بووە لە 296
ملیار و 597 ملیۆن و 413 هەزار کە لەو رێژەیە مانگانە 160 ملیاری بۆ خەرجی
بەکاربردن و بڕی 96 ملیاری بۆ کورتهێنانی مووچە و مانگانە بەشێوەیەکی بەردەوامیش بڕی 60 ملیار دینار وەک یەکخستن و
هاوتاکردنی مووچە خانەنشینان خەرجکراوە لە دوای مانگی تەمووزەوە و ئەوەشی دەمینێتەوە
بۆ کۆمەڵێک خەرجی جۆراوجۆری دیکە لە ناوخۆدا تەرخانکراوە.
هەروەها بە گوێرەی راپۆرتی شەش مانگی
وەزارەتەکە لە دوو ساڵی رابردوودا، کۆی داهاتی ناوخۆ لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023ـدا
بریتی بووە لە 2 ترلیۆن و 74 ملیار و 597 ملیۆن و 603 هەزار دینار، بە تێکڕای
مانگانە 345 ملیار و 766 ملیۆن و 267 هەزار دینار، داهاتی شەش مانگی سەرەتای 2023
بە نزیکەی 75٪ـی داهاتی تەواوی ساڵی 2024بووە، چونکە لەو ساڵەدا بۆ ماوەی 85 رۆژ
داهاتی نەوتی گەڕاوەتەوە وەزارەت و ئەوەش وایکردبوو داهات بەو رێژەیە بەرزبێت،
بۆیە بەراورد بە کۆی ساڵەکە داهاتی نانەوتی هەرێم لە ساڵی 2024ـدا بەرێژەی 17.11٪
کەمتربووە لە داهاتی نانەوتی ساڵی 2023 بەهۆی نەگەڕانەوەی داهاتی نانەوتیەوە.
داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لە ساڵی 2024؛
ڕۆژی 2-1-2025 وەزارەتی دارایی و ئابوری
حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی سێ خاڵی لە بارەی مووچەی ساڵی 2024ـی مووچەخۆرانی
هەرێم و شێوازی خەرجکردن و تەرخانکراوەکانی بڵاوکردەوە، کە گرنگە لێرەدا ئاماژە بدرێت
بە خاڵێک ئەویش ئەوەیە لە خاڵی دووەمی
ڕاگەیەندراوەکە لەسەر داهاتی ناوخۆو شێوازی خەرجکردنی بەبێ ئاماژەدان بە
سەرچاوەکانی ئەو داهاتە ڕاوەستاوەتەوە کە ئەوەش مشتومڕی دروستکرد لەناو کۆمەڵگای کوردی،
بەڵام وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێیدا دابەزین و کەمی داهاتی وەزارەتەکە بەهۆی
نەگەڕانەوەی داهاتی نەوتیەوە بووە و ئەوەش وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەرپرسە لێی
نەوەک وەزارەتی دارایی.
لە بەر ڕۆشنایی ڕاگەیەندراوەکەی
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت، کۆی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان
کە لە ساڵی 2024 خەرج کراوە کە بڕەکەی 3 ترلیۆن و 559 ملیار و 168 ملیۆن دینار،
واتە بە تێکڕای مانگانە داهاتی ناوخۆی خەرجکراو بریتی بووە لە 296 ملیار و 597
ملیۆن و 413 هەزار دیناربووە بەم جۆرە؛
یەکەم؛لەمانگی ئایارەوە کە هەردوو سەرۆک وەزیرانی
عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سەرشێوازی ناردنی بەشی گەنجینەی
فیدراڵی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕێکەوتن بۆ ماوەی "پێنج مانگ"
دوابەدوای یەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی بنێرن، بەم پێیەش حکومەتی هەرێمی کوردستان
بڕی 399 ملیار و 168 ملیۆن و 961 هەزار دیناری لە داهاتی ناوخۆ بۆ پێنج مانگ، واتە
بۆ هەر مانگێک 79 ملیار و 833 ملیۆن و 792 هەزار دیناری بۆ گەنجینەی فیدراڵی
ناردووە، چونکە لەداهاتی ناوخۆی کاش بەگوێرەی رێکەوتنەکە داهاتی نەختینەی ناوخۆی
هەرێم بەرێژەی 50٪ بنێردرێت بۆ بەغدا هەر بۆیە بەو میکانیزمە وەزارەتی دارایی بڕی
79 ملیار دیناری ناردووە.
دووەم؛هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەسەرەتای ساڵی
2024 تا مانگی تشرینی یەکەم حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی ناوخۆی بۆ پڕکردنەوەی
کورتهێنانی مووچەی ئەو مانگانە تەرخان کردووە کە وەزارەتی دارایی عێراق بڕیویەتی
کە بڕەکەی نزیکەی 600 ملیار دیناربووە و دواتریش بەهۆی بڕینی مانگانەی بەغدا کە سێ
لیبڕینی لە پشکی هەرێم بۆ مووچەی مانگەکانی 8-9-10 ئەنجامدا بە بڕی360 ملیار
دینار، بەوەش کۆی ئەو بڕەپارانەی کە بڕدراوە بریتی بووە لە 960 ملیار دینار، واتا
بە تێکڕای مانگانە 96 ملیار و کەسرێک دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ تەواوکاری موچە
تەرخان کراوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە.
سێیەم؛ لە رۆژی 5-تەمووزی ساڵی رابردوو بڕیاری
هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق لەهەرێم
جێبەجێ کراوە بە گەڕانەوە بۆ یاسای خانەنشینان بە پشتبەستن بە یاسای دارایی عێراق
بۆ ساڵی 2012، بەو پێیەش بۆ هەر چوار مانگە(7-8-9-10) بڕی 240 ملیار دینار خەرجکرا،
کە بەتێکڕای مانگانە 60 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ ئەو مەبەستە خەرجکراوە کە دەکرێت لە مانگێک
بۆ مانگێک گۆڕانکاری لە بڕەکەدا کرابێت بۆ نمونە دەکرێت لە مانگی 10 بڕی 70 ملیار
دینار خەرجکرابێت و لە مانگی 9 بڕی 50 ملیار دینار بوبێت.
چوارەم؛هەر لە داهاتی ناوخۆ پرۆسەی تەرخانرکردن و
خەرجکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دوای
ئەوەی لە وانەبێژیەوە کراون بە گرێبەست دابینکراوە، لە مانگەکانی 9 و 10ئەو
شایستەیە خەرجکراوەو بۆ هەردوو مانگەکە بڕی 40 ملیار دینار خەرج کراوە.
پێنجەم؛ بۆ خەرجی بەکاربردن و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری
بەهاوڵاتیان وەک خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردەو خوێندنی باڵاو کارەباو
پاکردنەوەو ئاو و هەموو ئەو سێکتەرانەی خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن لە ساڵی 2024 دا
بە تێکڕای مانگانە بڕی 160 ملیار دینار و کۆی ساڵەکە ترلیۆنێک و 920 ملیار دینار
لە داهاتی ناوخۆ خەرج کراوە.
شەشەم؛ خەرجی ئەو پرۆژانەی حکومەتی هەرێم لە ناوچە
جیاوازەکان ئەنجامی دەدات، سەرجەمیان لەسەر داهاتی ناوخۆبووە کە گوژمەکەیان لە
نێوان 30 بۆ 100 ملیار دیناربووە واتە خەرجی بەکارخستنی پرۆژەکان ساڵانە 1 ترلیۆن
و 200 ملیار دینارە بەڵام ئەمە لە ئەستۆی عێراقە هەر بۆیە وەزارەتی دارایی هەرێم
بەبێ ئاماژەدان بە بڕی خەرجییەکە باسی لە خەرجی پرۆژەکانکردووە چونکە لە داهاتی ناوخۆ
دراوە و تەرخانکراوە، کە دەبوو بەغدا خەرجی بکات ساڵانە کە ماوەی 10 ساڵە
رایگرتووە.
داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لە نێوان ساڵی 2023 و 2024 ؛
لەگەڵ ئەوەی داهاتی ناوخۆی تەواوی ساڵی 2023
ڕوون نیە، بەڵام بە پێی داتاکانی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023
بەم شێوەیە بووە و لەسەر هەمان بنچینە بە لێبڕینی 17٪ـی داهات خەمڵاندن بۆ شەش
مانگی کۆتای دەکرێت و بەوەش کۆی گشتی داهاتی ساڵی 2023 بەم شێوەیە دەبێت؛
یەکەم؛باجی داهات و سامان 340 ملیار و 144
ملیۆن و 582 هەزار دینار.
دووەم؛باجی کاڵاو وەبەرهێنان 656 ملیار
و 891 ملیۆن و 856 هەزار دینار.
سێیەم؛ڕەسم 306 ملیار و 15 ملیۆن و 441
هەزار دینار.
چوارەم؛داهاتی سەرمایە 39 ملیار و 72
ملیۆن و 183 هەزار دینار.
پێنجەم؛داهاتی وەرگیراو لە حکومەت و
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان 200 ملیار و 559 ملیۆن و 602 هەزار دینار.
شەشەم؛داهاتەکانی
دیکەی وەزارەت 884 ملیار و 595 ملیۆن و 529 هەزاردیناربووە.
واتە کۆی داهاتی ناوخۆ لە ساڵی 2023ـدا
بە هەژمارکردنی داهاتی شەس مانگی سەرەتای ساڵەکە و هەژمارکردنی لێبڕینی 17٪ـی نەگەڕانەوە
داهات لە شەش مانگی کۆتای ساڵ بۆیە بە تیکڕا داهاتی نانەوتی ساڵی 2023 و داهاتی 85
رۆژی نەوتی هەموویی پیکەوە بریتی بووە لە 2 ترلیۆن و 427 ملیار و 279 ملیۆن و 193
هەزار دینار، بە تێکڕای مانگانە 349 ملیار و 766 ملیۆن و 267 هەزاردیناربووە.
وە کۆی گشتی داهات لە ساڵی 2023ـدا بە
لێبڕینی 17٪ـی داهات و گونجاندنی لەگەڵ خەرجی و نەگەڕانەوەی داهاتی نەوتی بۆ
وەزارەتەکە داهاتی ئەو ساڵە بە تێکڕا بەرامبەرە بەو نرخە کە لەم راپۆرتەدا
دۆخەکەمان پێچەوانە کردووەتەوە لەبڕی ئەوەی 17٪ـی داهاتە کە دەربکەینو پاشان
جیاوازییەکان کۆبکەینەوە بەڵکو راستەوخۆ بڕی لێبڕین لەگەڵ داهاتی شەش مانگی
وەزارەتەکە کۆکراوەتەوە بۆ شەرعەیەت دان بە ژمارەکان و واقعی بوونی ژمارەکان لە
بودجەدا.
بەڵام کۆی داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی
کوردستان کە لە ساڵی (2024) خەرج کراوە "وەک لە سەرەوە ئاماژەی بۆ
کراوە" بە نزیکەیی بریتی بووە لە (3 ترلیۆن و 559 ملیار و 168 ملیۆن) دینار،
واتە بە تێکڕای مانگانە داهاتی ناوخۆی خەرجکراو بریتی بووە لە (296 ملیار و 597
ملیۆن و 413 هەزار) دینار.
بەم پێیەش بە تێکڕا داهاتی ناوخۆ،
مانگانە لە ساڵی 2023دا لە 345 ملیار و 766 ملیۆن و 267 هەزار دینار بووە کە لەورێژەیەش
65٪ـی بەشێوەی نەختینە بووە، لە ساڵی رابردوودا بە تێکڕای مانگانە 296 ملیار و 597
ملیۆن و 413 هەزار دینار بووە.
واتە جیاوازی لە داهات و گەڕانەوەی
داهات و کۆی خەرجییەکانی وەزارەتی دارایی لە ساڵی رابردوو بەراورد بە ساڵی 2023 17٪
دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە بەهۆی بەرزی ریژەی داهات لەسەر شێوەی چەکی بانکی و کۆمپالە
و کەمبوونەوەی پێدانی باج.
خەرجی مووچەی ساڵی رابردوو؛
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2024دا
تەنیا مووچەی 10مانگی خەرجكرد بەهۆی ئەو خاڵانەی کە لەسەرەوەدا باسمکردووەو رونمکردووەتەوە
لەبارەی جیاوازی داهاتەوە، لێرەدا تیشک دەخرێتە سەر ئەوەی وەزارەتی دەیتوانی چەند
مووچە خەرجبکات و نەیکردووە؟
لە مانگی یەك تا مانگی سێ موچەی مانگانە 930
ملیار دیناربووە كە دەكاتە گوژمەکەی بەرامبەرە بە 2 ترلیۆن و 790 ملیار دینار.
لە مانگی چوار بۆ مانگی شەش موچەی
مانگانەی مووچە خۆران 26 ملیار دینار بەرزبوەوە و بە تیکڕا گوژمەکەی گەیشتە 956 ملیار دینار كە دەكاتە 2 ترلیۆن و 868 ملیار دینار.
لە مانگی حەوت بۆ مانگی 10 لەدوای رێکەوتنی هەردوو سەرۆک وەزیرانەکە بۆ
هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان و خەرجنەکردی پارەکە لەلایەن بەغداوە، بڕی خەرجی
مووچە 31 ملیار دیناری دیکە بەرزبوەوە و بە تێکڕاش مووچەی مانگانە بەشێوەی پێویستی
کە دەبوو بەغدا بیدات بریتیبووە لە 997 ملیار دینار كە دەكاتە 3 ترلیۆن و 988 ملیار دینار.
واتە بەگوێرەی راگەیەندراوەکە و
زانیارییەکان كۆی گشتی پارەی خەرجکراوی مووچەی هەر 10 مانگەکە لە 2024 دا دەكاتە 9 ترلیۆن و 646 ملیار دینار.
لێرەدا کێشەکە دروستدەبێت، ئەویش ئەوەیە
کە بەغدا بۆ 10 مانگەکە لای خۆی ئاماژەی
بەوەکردووە کە بڕی 10 ترلیۆن و 752 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرجکراوە،
کە جیاوازی لەنێوان هەردوو خشتەکەدا 1 ترلیۆن و 104 ملیار دینارە، کە بۆ هەر
مانگێک بەغدا بڕی 110 ملیار و 400 ملیۆن دیناری لایخۆی گلداوەتەوە و ئەوەش
وایکردووە جیاوازی لەنێوان بڕی تەرخان کراو و خەرجکراودا هەبێت، بۆیە تا ئێستا
بەغدا پارەی یەک مووچەی تەواوەتی لایخۆی گلداوەتەوە بە ناوی لێبڕین و جیاوازی
لیستی مووچەی مانگیک بۆ مانگێکی دیکە، ئەوەش هۆکارەکەی لەدەرەوەی وەزارەتی داراییە
و هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کە لەو ماوەیەدا هیچ
خشتەیەکی داهاتو خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکانی رادەستی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی
فیدڕاڵ نەکردووە.
لە ئێستادا بۆ موچە هەرێم مانگانە پێویستی
بە 999 ملیاردینارە، و تا ئێستا موچەی 10 مانگ خەرجكراوە، موچەی (2) مانگ ماوە. كە
نزیكەی (2 ترلیۆن دینار) دەكات وبڕیاریشە
هەفتەی داهاتوو مووچەیەکیان خەرجبکرێت و مووچەی مانگی 12ـی موچە خۆرانیش دەکەوێتە
مانگی شوباتی ئەمساڵ.
پوختەی زانیارییەکان؛
كۆی گشتی ئەو پارەیەی بۆ موچە لە 10
مانگی 2024دا خەرجكراوە دەكاتە 9 ترلیۆن و
646 ملیار دینار بووە، لە كاتێكدا دەبوایە 11 ترلیۆن و 644 ملیار دینابێت بەگوێرەی بودجە و
یاسایاکانی خەرجی وەزارەتی دارایی بەڵام ئەو بڕە خەرج نەکراوە، سەرەڕای ئەوەی
دادگای فیدراڵی عێراق مووچەی بردە دەرەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم بەڵام
پارەکە تەنها تەرخانکرا و خەرجنەکرا" جیاوازی زۆر هەیە لەنێوان تەرخانکراو و
خەرجکراو".
بەڵام بەپێی راگەیەندراوی حكومەتی
وەزارەتی دارایی هەرێم لە ساڵی 2024 دا بڕی 960 ملیار دینار بۆ موچە خەرجكراوە بەم شێوەیە؛
کە دەچیتە ژێر یاساکانی خەرجی و
تەرخانکراو بەم جۆرە لە بودجەدا بە پشتبەستن بە مادەکانی 12 و13ـی بودجەی سێ ساڵە و ماددەی 110 دەستوری
عێراق؛
بڕی تەرخانکراوی فیدراڵ+بڕی خەرجکراوی
زیادەی هەرێم= بڕی مووچەی تەواو
10
ترلیۆن و 752 ملیار دینار + 960 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ = 11 ترلیۆن و 712
ملیار دینا، لەكاتێكدا كۆی موچەی 10 مانگی 2024 دەكاتە 9 ترلیۆن و 646 ملیار دینار هەر بۆیە جیاوازی
نێوان تەرخان و خەرجکراو جیاوازیەکی زۆر هەیە کە هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ چەند
بڕگەیەک لە پێشتردا باسکراوە.
هێشتا موچەی مانگی 11ـی مووچەخۆرانی
هەرێم خەرجنەكراوە و ئەو بڕە پارەیەی کە لەلایەن وەزارەتەوە بڵاوكراوەتەوە موچەی
مانگی 11ـش لە چوارچیوەی ئەو خەرجی تەرخانکراو و خەرجکراوانەی وەزارەتدایە كە
بڕیارە هەفتەی داهاتوو خەرجبكرێت، بەڵام موچەی مانگی 12 دەچیتە مانگی شوبات، بەڵام
ئەگەر رێککەوتنی سیاسی لەبارەوە نەکرێت ئاسۆی ئەو مووچە روونابێت و بەغداش خەرجی
ناکات چونکە ماوەی 10 ساڵە خەرجکردنی مووچە لەلایەن بەغداوە لە یاسای دارایی و
شایستەی دارایی دەستوریەوە گۆڕاوە بۆ رێکەوتنی سیاسی هەربۆیە هەرکاتێک رێککەوتنیکی
سیاسی لە ئارادا هەبێت بەغدا دوو مووچە یاخود موچەی چەند مانگێک لە کاتی خۆیدا
دەدات.