راچڵەكین -
حكومەتی عیراق سەركۆنەی هێرشەكەی سوپای ئیسرائیل بۆسەر كەمپێكی پەنابەرانی فەلەستین لە كەرتی غەززە دەكات كە زیاتر لە 60 كوژراوو دەیان برینداری لێكەوتەوە، راشیدەگەیەنێت: هێرشەكە سەرپێچیكردنی یاسای نێودەوڵەتی و هەموو ئاكارو بنەماكانی شەڕی چەكدارییە.
باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عیراق، لە راگەیەندراوێكدا بەتوندی سەركۆنەی هێرشە ئاسمانییەكەی دوێنێ و ئەمڕۆی سوپای ئیسرائیلی كرد بۆسەر كەمپی پەنابەران لە رۆژئاوای شاری خان یونس لە كەرتی غەززە، كە بەهۆیەوە زیاتر لە 60 هاوولاتی مەدەنی كوژران و دەیان كەسی دیكەش لە ژن و منداڵ بریندار بوون.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەم هێرشە تاوانكارییە هەنگاوێكی دیكەیە بە ئاڕاستەی فراوانكردنی شەڕو بەئامانجگرتنی خەڵكی مەدەنی و لەباربردنی هەموو دەرفەتەكانی ئاشتی و ئاگربەست و گەیادنی كۆمەكی مرۆیی بۆ هاووڵاتیانی غەززە.
وتەبێژی حكومەتی عیراق راشیگەیاندووە، هێرش و بۆردومانە هەڕەمەكییەكەی ئیسرائیل بووەتە هۆی لەناوبردنی چەندین خێزان و كاولكارییەكی زۆریشی لێكەوتووەتەوە، سەرپێچیكردنێكی ئاشكرای یاسای نێودەوڵەتی و هەموو یاساو بنەماكانی شەڕی چەكدارییە.
لە راگەیەندراوەكەدا داواكراوە هەوڵەكان یەكبخرێن لەپێناو رزگاركردنی گەلی فەلەستین و بەرگرتن لە پەرەسەندنی شەڕەكەش لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە لێكەوتەی خراپی لەسەر وڵاتان و گەلانی ناوچەكە دەبێت.