راچڵەکین-
لە ساڵی ١٩٩٥، بەرنامەی "جیهانی سبەی" کەناڵی بی
بی سی بڕیاریدا پێشبینی بکات ئاخۆ جیهان لە ٣٠ ساڵی داهاتوودا چی بەسەر دێت؟..
لەو بەرنامەیەدا یەکێک لە بەناوبانگترین بیرمەندانی سەردەمی
هاوچەرخ "ستیڤن هاوکینگ" بانگهێشت کرابوو، ئەو پێشبینی کرد و وتی "تا
ساڵی ٢٠٢٥ دەتوانین چاوەڕێی گۆڕانکاریی گەورە بکەین".
تیمی بەرنامەکە سەرکەوتووبوون لە پێشبینیکردنی کۆمەڵێک
لە داهێنراوەکانی ئەمساڵ، هەر لە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی بە هۆڵۆگرامەوە تا دەگاتە
درووستبوونی پاشماوەی مرۆڤ لە بۆشایی ئاسماندا.
وەرن با بە هاوکاریی پسپۆڕان چاوێک بە پێشبینییەکانی ئەو
بەرنامیەدا بخشێنین و بزانین تا چەند لەگەڵ ئەوەی لەمڕۆدا دەگوزەرێت، یەکدەگرنەوە.
لە ساڵی ١٩٩٥ـدا کە ئینتەرنێت بە خێرایی بەرەو پێش دەچوو
لەو بەرنامەیەدا پێشبینیکراوە کە کێشەی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت تا ئەمساڵ.
پێشبینییان کردبوو کە "بازرگانانی گەورە" و
بانکەکان بە رادەیەک کۆنتڕۆلی ئینتەرنێت بکەن کە بتوانن تا ساڵی ٢٠٠٠
"هەژماری بانکیی ئینتەرنێتی" دروستبکەن، کە دەستڕاگەیشتن پێیان
سنوورداربێت، ئەمە لەبەرامبەردا دەبێتە هۆی دروستبوونی هاککردن و ڤایرۆس و تەنانەت
ئاژاوەگێڕیی.
دەرەنجام: ئینتەرنێت لە ئێستادا بەردەستە و هیچ
ئاژاوەگێڕییەک رووی نەداوە، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە هاککەرەکان بوونەتە هۆی دەردەسەرییەکی
زۆر بە شێوەیەکی گشتی.
ئەوەی بەرنامەکە پێشبینی نەکردوو رۆڵی هاککەرانی دەوڵەتیی
بوو هاوشێوەی هاککەرانی کۆریای باکوور بوو.
ئێستا ئاسایشی ئەلیکترۆنی بۆ حکومەت و کۆمپانیاکان زۆر
گرنگە و ئەو کەسانەی متمانەیان بە بانکەکان نییە، ڕوو لە دراوی دیجیتاڵی وەک بیتکۆین
دەکەن.
بەرنامەکە پێشبینی ئەوەی کردووە کە کەڵکوەرگرتن لە
کانزاکانی بۆشایی ئاسمان ببێتە پیشەسازییەکی قازانجدار، کۆمپانیاکان نەیزەک و
هەسارۆکەکانی نزیک زەوی بۆ وەدەستخستنی کانزا بەنرخەکان بەکاربهێنن.
هەروەها لە بەرنامەکەدا پێشبینی ئەوە کراوە کە پاشماوەی مرۆڤ
لە بۆشایی ئاسماندا ببێت بە مەترسی بۆ کەشتیوانان و پێیان وابووە بۆ چارەسەریش،
مرۆڤ رووپۆشێکی گەورەی جێڵی تایبەت بۆ کەمکردنەوەی خێرایی بە پاشماوەبوون
بەرهەمدێنێت.
دەرەنجام: لە ئێستادا هیچ رووپۆشێکی گەورەی جێڵی بوونی
نییە و کێشەی بوونی پاشماوەی مرۆڤ لە بۆشایی ئاسمان یەگجار جیدییە، هەروەها
پیشەسازیی دەرهێنانی کانزای گرانبەها لە نەیزەک و هەسارۆکەکاندا هێشتا نەهاتۆتە
بوون، بەڵام ئەگەری هەیە ئەم گۆڕانکارییە رووبدات.
"تۆم چیزڕایت"ـی ئایندەناس، یەکێکە لە میوان و
گەشبینە بە دۆزینەوەی کانزای گرانبەها لە دەرەوەی هەسارەکەمان و دەڵێت:
"دەستکەوتنی سەروەت و سامان سنووری نییە و ئەو تەکنەلۆژیایەش
لەبەردەستماندایە".
بەرنامەی "جیهانی سبەی" پێشبینی کردووە کە تاوەکو
ساڵی ٢٠٠٤ یاسایەک لە بەریتانیا دەربکرێت کە پێویستە نەخۆشخانەکان ڕێژەی سەرکەوتنی
پزیشکانی نەشتەرگەری بڵاوبکەنەوە، لە ئەنجامدا پزیشکە سەرەکییەکانی نەشتەرگەری هێندە
بەناوبانگ و دەوڵەمەند دەبن کە چیتر ناچار نابن خۆیان بچنە لای نەخۆشەکان.
لەبری ئەوە هۆلۆگرامی نەخۆشەکە دەنێردرێت بۆ پزیشکەکە و بە
بەکارهێنانی "دەستکێشی تایبەت" نەشتەرگەری دەکات لەلای نەخۆشەکەش ڕۆبۆتێک
بە وردی لاسایی جوڵەکانی پزیشکەکە دەکاتەوە.
دەرەنجام: ئەم پێشبینییە بە تەواوی نەهاتە دی، بەڵام ئێستا
ڕۆبۆتەکان هاوکاری نەشتەرگەرییەکان دەکەن.
"ترەیسی فاڵۆس"ـی ئایندەناس پیی وایە بەرنامەی
"جیهانی سبەی" چەندین پێشبینی دروستی بۆ دنیای ئەمڕۆمان کردووە لە ساڵی
١٩٩٥ـدا، بەڵام دوو لە بابەتە هەرە گەورەکانی لە دەستدا، بەو پێیەی لە ٣٠ ساڵی
رابردووماندا دوو لەهەرە بابەتە گەورەکان برتیبوون لە فراوانبوونی تەکنەلۆژیا و هاتنەکایەی
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
ئەو پێشبینیکارە پێی وایە تاوەکو ساڵی ٢٠٥٥ زۆرێک لە
خەڵکی "لەرووی هزرییەوە بەیەکەوە دەبەسترێنەوە"، عەقڵێکی بە کۆمەڵ لە
مرۆڤەکان تەکنەلۆژیا لە رێگەی خزمەتگوزارییەکانەوە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ
هاوبەشیکردنی بیرۆکەکان.
هـ . یـ