راچڵەکین-
بانكی ناوەندی عێراق دەستكەوتێكی گەورەی
لە گواستنەوەی دەرەكی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەش کرد کە بۆ بەردەوامبوونی لە
پەیڕەوكردنی شێوازە سەردەمییەكان لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دراو لە عێراقدا میکانیزم و
رێکارەکانیان بەردەوامی دەبێت، لە ئێستاشدا سەکۆی ئەلیکترۆنی کۆتایی هاتووە و لەرێگای بانکەکانەوە پرۆسەی حەواڵەی دەرەکی ئەنجامدەدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بانكی ناوەندی
لەبەیاننامەیەكدا لەبارەی سەکۆی ئەلیکترۆنی و دەستکەوتەکانی بانکەکە بڵاویکردەوە،
بانکی ناوەندی سەركەوتوو بووە لە پابەندبوون بە بەرنامەكەی پەیوەست بە گواستنەوەی
دەرەكی لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنیەوە بۆ كاری بانكە عێراقییەكان لە ڕێگەی
بانكە پەیوەندیدارە دەرەكییەكانییەوە.
باسی لەوەش کردووە، دەستکەوتەکانی بانکی
ناوەندی لە حەواڵەی دەرەکی بە پشت بەستن بە سەکۆی ئەلیکترۆنی لە ماوەی ساڵی
رابردوودا زیادیکردوە و بە دیاریکراویش تواندراوە ژێرخانی ئابووری و سیستمی بانکی
عێراق بەهێزتربکەن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم دەستكەوتە
نوێنەرایەتی گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی دەكات کە بە باشترین ستاندارد و پراكتیكە
نێودەوڵەتییەكان هەژموونکراوە و ئامانج لێی گەیشتن بووە بە سیستەمێكی دارایی
سەقامگیر و پارێزراو.
جەختی لەوەش کردووەتەوە، پرۆگرامی نوێی
گواستنەوە هاوتەریبە لەگەڵ ئەو پراكتیكە نێودەوڵەتیانەی كە لەم بوارەدا پەیڕەو
دەكرێن، كە بەرپرسیارێتی و ئەركەكانی بانكی ناوەندی لە پابەندبوون و بەرپرسیارێتی
و ڕۆڵی بانكە بازرگانییەكان جیادەكاتەوە لەم ڕوانگەیەوە بانكی ناوەندی عێراق
بەردەوام دەبێت لە بەرزكردنەوەی باڵانسی بانكە عێراقییەكان لە بانكە
پەیوەندیدارەكانیدا بە دۆلاری ئەمریكی، لەگەڵ كۆمەڵێك دراوی دیكە، وەك (ڕووپیەی
هیندی، یوانی چینی، یۆرۆ، درهەمی ئیماراتی، ڕیاڵی سعودی، و دیناری ئوردنی).
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەم دەستكەوتەی
بانکی ناوەندی كارایی و سەلامەتی ئۆپەراسیۆنەكانی گواستنەوەی دەرەكی بەرزترکردووەتەوە،
هەروەها توانیویانە حەواڵەی دەرەکی لە شێوازی رابردوودا بگۆڕن بۆ شێوازێکی مۆدێرن
و خێراتر كە لە هەموو وڵاتانی جیهان پەیڕەو دەکرێت.
بانکەکە لە درێژەی بەیاننامەکەدا جەختی
لەوە کردووەتەوە ئەم هەنگاوانەی بانکەکە وا دەكات عێراق بچێتە قۆناغێكی نوێ لە پرۆسە
داراییەکان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، کە ئاراستەكانی حكومەت بەهێزتر دەکات
بۆ فراوانكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكان و بەرزكردنەوەی دەرفەتەكانی وەبەرهێنان لە
ئایندەدا.
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا هاتووە، بانكی
ناوەندی عێراق ئامادەیی تەواوی خۆی دەردەبڕێت بۆ پاڵپشتیكردنی هەموو ئەو بانكە
عێراقییانەی کە كاردەكەن بۆ پەرەپێدان و بەرزكردنەوەی ئەدای خۆیان و پابەنددەبن بە
بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی دراوەکان و بەتایبەتیش دۆلار بە شێوەیەك كە
ڕەنگدانەوەی ئەرێنی هەبێت لەسەر متمانەی بانكەكانی عێراق و بانكە نێودەوڵەتی و
هەرێمییەكان بۆ بەشداریكردن لە بەهێزكردنی سیستەمی بانكی عێراق و ئابووری عێراق
بەگشتی.