هەڵامەت یەکێکە لە نەخۆشییە باوەکان لە وەرزی زستاندا،
خواردنەوە گەرمەکان دەتوانن نیشانەکانی کەم بکەنەوە و پرۆسەی چاکبوونەوە خێراتر
بکەن.
کاتێک تووشی هەڵامەت یان ئەنفلۆنزا بوویت، یەکێک لە پێشنیارەکانی
پزیشک ئەوەیە کە زیاتر شلەمەنیەکان بخۆیت و لەم راپۆرتەدا گونجاوترین خواردنەوەکان
بناسە کە یارمەتیت دەدەن لە چارەسەرکردنی هەڵامەت یان بەرکەوتنت بە سەرما، بەپێی
ماڵپەڕی Healthusa.
ئەو خواردنەوە گەرمانەی نیشانەکانی سەرما کەم دەکەنەوە:
١. چای لیمۆ، ئەم چایە ئازاری قوڕگ ناهێڵێت و
یارمەتیدەرە لە چارەسەرکردنیدا، هەروەها تایبەتمەندی دژە بەکتریا زیاد دەکات کە یارمەتیدەرە
لە چارەسەرکردنی سەرمابوون بە خێرایی کاتێک کەمێک هەنگوین دەخەیتە ناو ئەو چایەوە،
یارمەتیت دەدات لە چارەسەرکردنی کۆکە، بەو پێیەی پێکهاتەیەکی چایەکە بریتییە لە
ڤیتامین سی- کە بەرگری جەستە بەرزدەکاتەوە.
٢. ئاوی نەعنا، جگە لە تامی جیاکەرەوەی نەعنا،
لە گەڵاکانیدا "مەنثۆل"ـیش هەیە کە یارمەتی چارەسەرکردنی کۆکە دەدات و هەمان
تایبەتمەندی حەبی کۆکەی هەیە، هاوکات یارمەتیدەرە بۆ هەناسەدان و هەوکردن و ئازاری
جەستە کەمدەکاتەوە.
٣.زەنجەفیل، ئەگەر توشی ئازاری قوڕگ بوویت ئەوا
زەنجەفیل ئارامی دەکاتەوە، ئەمە جگە لەوەی رێگری لەو وردەزیندەوەرانە دەکات کە دەبنە
هۆی تووشبوون بە هەوکردن.
٤. چای سەوز، چای سەوز کاریگەری لەسەر تەندروستی
گشتی دەبێت، هەر لە باشتر کارکردنی مێشکەوە تا دەگاتە سووتاندنی چەوری جەستە، کاتێک
باس لە هەڵامەت و ئەنفلۆنزا دەکرێت، دژە ئۆکسێنەرەکانی ناو چای سەوز ناسراون بەوەی
رزگارکەرن لە بەکتریا زیانبەخشەکان و ژەهرەکان هەروەها لە کاتی خواردنەوەی ئەم چایە
کۆکەش کەم دەبێتەوە.
هـ . یـ