عێراق لە نێوان تورکمانستان و ئێراندا

ڕاپۆرت

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 1196

راچڵەکین-

ماوەی زیاتر لە 18 رۆژە راوەستانی هەناردەی غاز لە ئێرانەوە بۆ عێراق قەیرانی كارەبای دروستكردوە، لەو ماوەیەشدا بەهانەی ئێران بۆ راگرتنی غازەكە نۆژەنكردنەوەی بۆرییەكانە، بەڵام لە پشت پەردەی رووداوەکان كێشەی دابینكردنی غازی تەنانەت بۆ ناوخۆی ئێران دروستبووە، قەیرانی غاز سەرەنجی شەقامی عێراقی بردەوە بۆ لای گرێبەستەكەی توركمانستاندا، بەڵام وەزارەتی كارەبا رەتیدەكاتەوە گرێبەستەكە كەوتەبێتە بواری جێبەجێكردن و عێراق هیچ بڕە پارەیەكی بە توركمانستان دابێت. 

 

هۆكاری گەرمبوونی بابەتی گرێبەستەكەی توركمانستان لە میدیاكانی عێراق بەهۆی راوەستانی هەناردەی غازی ئێرانەوەیە بۆ عێراق، كە بووەتە هۆی كەمبوونەوەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا، بەڵام وەزارەتی كارەبا ئاماژە بەوە دەكات، ئەو غازەی كە راوەستاوە ئەو غازەیە كە عێراق لە ئێرانی دەكڕێت نەك غازەكەی توركمانستان، میدیاو پسپۆڕانی عێراق باس لەوە دەكەن عێراق پارە بە توركمانستان دەدات و ئێران غازەكە بەكاردەهێنێت. 

 

گرێبەستی عێراق و تورکمانستان؛

 

 بەمەبەستی هاوردەكردنی غاز لە مانگی ئابی 2023 عێراق یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ توركمانستان ئیمزاكرد و لە ناوەڕاستی ئەمساڵیش ئێران و توركمانستان پێكەوە گرێبەستێكیان ئیمزاكرد بەمەبەستی هاوردەكردنی غازی توركمانستان بەشێوەی "ئاڵوگۆڕی دوولایەن کە بەبازرگانی سێکوچکە"دەبێت لەبەرژەوەندیی عێراق، لەبەرامبەریشدا عێراق دوای 3 مانگ لە نەگەڕانەوەی  ئێران هەستاوە بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستەکەی لەگەڵ توركمانستان ئیمزا کردووە بەبێ گەڕانەوە بۆ عێراق.

 

ئەم پرۆسەی "ئاڵوگۆڕی دوولایەنە" خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە رۆژانە توركمانستان بڕی نزیكەی 25 ملیۆن مەتر پێ سێجا غاز و لە قۆناغی دوەمیشدا بۆ 50 ملیۆن پێ مەتر سێجا غاز رەوانەی ناوچەكانی باكوری ئێران بكات، كە ئێران خۆی ناتوانێت غاز بۆ ئەم ناوچانەی وڵاتەكەی رەوانە بكات، لەبەرامبەر ئەمەدا ئێرانیش هەمان بڕە غازی رۆژانە لەرێگەی بۆرییەوە دەدات بە عێراق، پرۆسەکە بەو واتایە دێت كە عێراق غازی توركمانستان دەكڕێت و پارە بە توركمانستان دەدات، بەمەش لە پلەی یەكەمدا خۆی لە سزا ئابورییەكانی سەر ئێران دەرباز دەكات، پاشان ئێران هەڵدەستێ بە بەكارهێنانی ئەو غازەی كە عێراق پارەكەی بە توركمانستان داوە لە پارێزگاكانی باكوری وڵاتەكەی و لەبەرامبەردا هەمان بڕی غاز لە كێڵگە نزیكەكانی خۆی لە سنوری عێراق بە بۆری رەوانەی عێراق دەكات بەبێ ئەوەی هیچ سزایەک بچیتە سەر ئاستی هاوردە و هەناردەکردنی غازی ئێران و هیچ داهاتێکیشی بلۆک بکرێت. 


ئەو پرسیارانەی كە لەبارەی كرۆكی ئەم گرێبەستەوە دروستبوون لەناو شەقامی عێراقی و شارەزایانی بوارەی وزە لەم خاڵانەدا كورت دەبنەوە: 

 یەکەم؛ ئایا عێراق غازی توركمانستان بە هەمان نرخی غازی ئێران دەكڕێت، یاخود پارەی زیاتر بە توركمانستان دەدات لەبەرامبەر هەمان بڕی غاز كە پێشتر لە ئێرانەوە هاوردەی كردووە، کە بەهای سآڵانەی 2 ملیار دۆلارە. 


دووەم؛ ئایا عێراق تێچووی ئەو بۆرییە دەدات كە لە توركمانستانەوە درێژدەبێتەوە بۆ ئێران ؟! بەوپێیەی ئێران پێویستی بەم بۆرییەو هاوردەكردنی غاز نییە لە توركمانستانەوە، بەڵكو لە بەرژەوەندیی عێراق ئەم كارەی كردووە؟!  بەمەش خەرجی هەناردە و هاوردەکردن و گواستنەوەی ئەوغازە 1 ملیار دۆلارە لەسەر عێراق. 


سێیەم؛ئایا لەم پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دوو لایەنەدا كە توركمانستان غاز بە ئێران دەدات و ئێرانیش غاز بە عێراق دەدات، ئێران خاكی خۆی وەكو ناوچەی تێپەڕینی غازی توركمانستان ئەژمار دەكات و پارەی گواستنەوەی غازەكە وەردەگرێت یاخود نا؟! ئەمەش یەکێکە لەو پرسانەی کە لەلایە هەریەک لە شارەزایانی ئابووری و گرێبەستە غازییەکان ، نەبیل مەرسومی، هێڤیدار شەعبان، جاسم احمد و نەبیل کەنانی دروستبووە. 

 

وەزارەتی کارەبای عێراقیش دەڵیت گرێبەستەکە تا ئێستا نەكەوتوەتە بواری جێبەجێكردن؛

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی كارەبای عێراق هەموو ئەو قسەوباسانەی بە "دەنگۆو بانگەشەی هەڵە" ناودەبات كە لەبارەی رێككەوتنی غاز لەگەڵ توركمانستان دەكرێن. وەزارەت لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، گرێبەستەكە لەگەڵ تروكمانستان هێشتا نەكەوتوەتە بواری جێبەجێكردنەوەو دانوستان بەردەوامە لەبارەی دیاریكردنی كۆمپانیایەكەوە كە بتوانێت گەرەنتی گەیشتنی غازەكەی توركمانستان بكات بە عێراق بەبێ راوەستان.

ئەوەی وایكرد میدیا عێراقییەكان زیاتر گومان لەسەر گرێبەستە غازییەكەی توركمانستان دروستبكەن ئەوەیە هێشتا حكومەتی عێراق وردەكاری رێككەوتنەكەی بۆ رایگشتیی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام وەزارەتی كارەبا دەڵێ: دەمانەوێت سەرچاوەكانی سوتەمەنی زیاد بكەین بەمەبەستی گەرەنتیكردنی ئاسایشی وزەی نیشتمانی و پاراستنی سامانی گشتیی لە بەهەدەردان، میدیاكان زانیاری هەڵە بڵاودەكەنەوە بەمەبەستی پەكخستنی هەنگاوەكانی حكومەت. 

 

ئێران بۆچی غازی عێراقی راگرتووە؛

 راوەستانی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق و كەمبوونەی كاتژمێرەكانی كارەبا لە عێراق ئەم رۆژانە بابەتی گەرمی قسەوباسی عێراقییەکانە و  لایەنی ئێران هۆكاری سەرەكی راگرتنی هەناردەی غاز بۆ عێراق دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە تا ئێستا "نۆژەنكردنەوەی بۆری گواستنەوەی غازەكە"، بەڵام وەكو (نەبیل مەرسومی) شارەزای ئابوریی عێراق بە راچڵەکین-ی راگەیاند:  ئەم بەهانەیە زۆر باوەڕپێكراو نییە، چونكە: 
یەکەم؛ ئێران بەگوێڕەی بەیاننامەی فەرمی عێراقی لەوە ئاگاداركردووە كە راوەستانی هەناردەی غاز تەنیا تاوەكو ماوەی 15 رۆژ بەردەوام دەبێت، بەڵام تائێستا راوەستان بەردەوامە سەباری تێپەڕینی زیاتر لە دوو مانگ، ئەمەش لەكاتێكدایە ئێران هەناردەی غازی توركیای رانەگرتووە، كە بەرێژەی 16 بۆ 18% پشت بە غازی سروشتی ئێران دەبەستێت.


دووەم؛هۆكاری راستەقینەی راگرتنی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق كەمبوونەوەی غازە لە ئێران بەهۆی دابەزینی زۆری پلەكانی گەرماو زیادبوونی بەكارهێنانی ئامێرەكانی خۆگەرمكردنەوە، ئەمە لەپاڵ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ناتوانێت ئەو زیادبوونە لە ئاستی بەكاربردن پڕبكاتەوە، تا ئەو رادەی دۆخەكە گەیشتووەتە ئاستی پچڕانی كارەبا بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێكی رۆژانە لە تاران و چەند پارێزگایەكی تری ئێران و، لەكۆی 600 وێستگە نزیكەی 80%ی وێستگەكانی كارەبا لە ئێران لەكاركەوتوون بەهۆی پاشەكشێی ناردنی غازی سروشتی و سوتەمەنی شل، بۆیە پێدەچێن چیرۆكی پێدانی سیستەماتیك و سەقامگیریی غازی ئێران بە عێراق لە كۆتاییەكەی نزیك بووبێتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا حاڵەتەكانی بێتوانایی ئێران دووبارە بووەوە لە پابەندبوون بەو بڕە غازەی كە رێككەوتنی لەسەركراوە كە بڕەكەی نزیكەی (50 ملیۆن) پێ سێجای رۆژانەیە. بۆیە پێویستە لەسەر عێراق جێگرەوە بۆ غازی ئێران بدۆزێتەوە لە وڵاتانی تری وەكو توركمانستان و قەتەر یان بەكارهێنانی غازی هاوەڵ و كێڵگەكانی غاز و پەلەكردن لە دروستكردنی وێستگەی كارەبایی كە پشت بە وزەی خۆر ببەستێت. 

 

لەلایەکی دیکەشەوە هێڤیدار شەعبان، راوێژکاری دارایی باس لەوە دەکات، بەهانەی نۆژەنکردنەوەی بۆری غازی ئێران - عێراق پەیوەست نییە بە بنچینەکانی گرێبەستی گواستنەوە بەڵکو لە رابردووشدا ئەو بۆرییە غازە چەندین گرفتی دیکەی هەبووە بەڵام رێگر نەبووە لەو پرۆسەیە، هۆکارەکەی تەنها بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە بازرگانی سێکوچکە لەژێر هەژموونی ئاڵوگۆڕی دوو لایەنەدا، کە وڵاتێکی وەک چین سەرپەرشتی پرۆسەکەی دەکرد ماوەی زیاتر لە 23 رۆژە تەواوی هەژموونە داراییەکانی لەگەڵ تورکمانستان-ئیماڕات-روسیا-ئێران-عێراق بلۆککراوە و ئەو سەکۆیەی کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا دەکرا بەڕووی بازرگانانی غازدا داخراوە ئەوەش وایکردووە کە زیاتر لە 3 ملیار دۆلاری ئێران لەو نێوەندەدا بلۆک بکرێت. 

 

ئەوەشی خستەڕوو، دەستپێکردنەوەی هەناردەی غازی ئێران، پرۆسەیەکی سیاسیە بۆ ئەومەبەستە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی تاران دەکات و لەو بارەیەوە بڕیارە سێ کۆبوونەوە بکرێت کۆبونەوەیەک لەگەڵ لایەنی ئێران و کۆبونەوەیەکیش لەگەڵ لایەنی تورکمانستان و کۆبونەوەی کۆتایش لەگەڵ لایەنی ئەمریکا بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەسەرێک  چونکە کەمکردنەوەی هاوردەکردنی غازی ئێران پێویستی بە دوو ساڵ هەیە هەر بۆیە لایەنی ئەمریکی داوایکردووە عێراق پشت بە رێکەوتنی ( تورکمانستان - تورکیا-ئەرمینیا) ببەستێت بۆ هاوردەکردنی غاز و لەپرۆسەی ئاڵوگۆڕی دوولایەنی ئێران بچیتە دەرەوە و پرۆسەکەش دەکەوێتە رۆژی5-1-2025. 









داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن