راچڵەکین-
بەهۆی ئاڵۆزییەکان و فراوانبوونی هەژموونی هەڵاوسان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا زێڕ لە ساڵى 2024 دا گەیشتە ئاستێکى بەرزو بەڕێژەى نزیکەى .25.09% بەرزبوونەوەى بەخۆیەوە بینى، لە ئێستاشدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئایا زێڕ لە 2025 دا چى لێدێت و هاتنى ترەمپ بۆسەر کورسى سەرۆکایەتى چ کاریگەرییەکى لەسەر بەهاکەى دەبێت؟
وەک ڕوونە لە ماوەى ئەمساڵدا بە چەند هۆکارێک کە یەکێکیان گرژییە ناوچەییەکان بوون بە تایبەت رووداوەکانى فەلەستین و لوبنان و سوریا و شەڕى ئۆکرانیا و روسیا، ئەوەى تریشیان بەرزى سوودى بانکى ئەمەریکا، هۆکارى بەرز بوونەوەى نرخى زێڕ بوون، لەلایەکى دیکەوە دابەزاندنى باجى هاوردەکردنى زێڕ لە لایەن هیندستانەوە بۆ نزمترین ئاست، هۆکارێکى دیکە بوو لەسەر بەرزکردنەوەى نرخى زێڕ و زیادکردنى خواست لەسەرى کە پاڵەپەستۆی بۆ سەر نرخی زێر دروست کرد و بەرزترین نرخی بەخۆیەوە بینی کە بۆ هەر ئۆنسێک 2791.98 دۆلاربووە و نزمیترین ئاستی گەڕانەوەشی 2260 دۆلاربووە.
هاوکات جیاواز لەوانە لە دواى خاوبوونەوەى گرژییەکان و کەوتنى ئەسەد و لاواز بوونى حیزبوڵا و هاتنى ترەمپ، نرخى زێڕ کەمێک پاشەکشێى کرد و ماوەیەکیشە لە ئاستێکدا جێگیر بووە کە لە ئێستادا هەر ئۆنسێک بە بەهایە دوو هەزار و 621 دۆلار و 47 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
تاوەکو ئێستا ئاماژەکان بۆ ئەوەک کە هێشتا ترەمپ پاڵپشتی خۆی لە بازاڕى دارایی و بەتایبەتیش دراوە دیجیتاڵییەکان پشتراستکردووە و ئەمەش ئاماژەیەکی باش نابێت بۆ نرخی زێڕ هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت کە ساڵی 2024 بۆ زێر بووە، بەڵام ساڵی 2025 ساڵی زێر نابێت و لە رەینجێکی دیاریکراو لە نێوان 2720 و نزمترین ئاستیش 2550 دۆلاردا بمینێتەوە لە کۆی گشتی مامەڵەی مانگانەی زێردا.
هەروەها لە 2024 دا، زێڕ سودى گەورەى وەرگرت لە گرژییەکان بە شێوەیەک یەک ئۆنسەى بەڕێژەى 25.09% بەرز بووەوە، بەڵام رەنگە ئەوە بەرزترین ئاستى بووبێت و بەهاتنى ترەمپ جارێکى دیکە ئەوە بەخۆیەوە نەبینێتەوە، بەگوێرەی شارەزایانی بازاڕە داراییەکان ئەگەر هەموو ئەو بەڵێنانەی ترەمپ داویەتی وەک خۆی جێبەجێی بکات ئەوە نرخی زێڕ پاشەکشە دەکات بەڵام لە شکستهینانی لە هەر بەڵێنێکیدا بەتایبەت کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان ئەوە نرخی زێر زۆر بەرزتردەبێتەوە لەو نرخانەی کە پێشتر بینیویەتی.
هەموو ساڵێک کۆمپانیاکان بەر لەسەرى ساڵ هەژمار و رێکخستنی خشتەی دارایی خۆیان ئەنجامدەدەنەوە،هەر بۆیە تا ماوەیەک نرخى زێڕ بەرەو جێگیرى دەڕوات و بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەى زۆر بەخۆیەوە نابینێت بەتایبەت تاوەکوو رۆژی 8-1-2025 بەهۆی رێکخستن و دووبارە پلاندانانەوەی خشتەی خەرجی و داهاتی بانکەکانەوە بۆ ساڵی نوێ، وە پێشبینی دەکرێت، لەگەڵ هاتنی ترەمپ لە 2025 دا، بەهاى زێڕ روولە دابەزین بکات، چونکە مەیل و خواستی ترەمپ بەلاى بازاڕى دراوى دیجیتاڵییە کە لە مامەڵەکاندا شوێنگرەوەى زێڕ دەبن.
لەو بارەیەشەوە هێڤیدار شەعبان،راوێژکاری دارایی و ئابووری بە راچڵەکین-ی راگەیاند، دابەزینی نرخی زێر بۆ ماوەی دوو مانگی لەسەریەک دۆخێکی ئاساییە و ئەوە باواتای ئەوە نایەت کە بازرگان ترسی هەبێت لە گەڕانەوەی نرخی زێر چونکە بەهای زێر لەسەروو 2700 دۆلارەوە دەبێت بۆ ساڵی نوێ.
نرخى یەک ئۆنسەى زێڕ لە بازاڕى جیهاندا بە 2621 دۆلار مامەڵەى پێوە دەکرێت و سەندیکاى زێڕنگەران، بۆ ئەمڕۆ نرخى زێڕى بەم شێوەیە دیارى کردووە:
نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 24 بە 645 هەزار دینارە.
نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 22 بە 590 هەزار دینارە.
نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 565 هەزار دینارە.
نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 18 بە 485 هەزار دینارە.
یەک ئۆنسە زێڕ 30 گرام و 100 سەنتە، بەو پێیەى هەر مسقاڵێک زێڕ پێنج گرامە، بەمە یەک ئۆنسە 6 مسقاڵ و 250 گرام زێڕە.