راچڵەكین -
هاووڵاتییەكی بەریتانی كە وەك بەتەمەنترین كەسی ئەو وڵاتە ناودەبرێت، ئاهەنگی 110 ساڵەی لەدایكبوونی كردەوەو لەلایەن كۆشكی شاهانەی بەریتانیاش نامەی پیرۆزبایی ئاڕاستە كرا.
رۆژنامەی دەیل میل-ی بەریتانی بڵاویكردەوە، دۆرناڵد رۆز كە لەدایكبووی ساڵی 1914یە، ئەمساڵ تەمەنی بووە 110 ساڵ و بەو بۆنەیەوە كگەسوكارەكەی ئاهەنگێكیان بۆی رێكخست.
رۆز كە لە تەمەنی 25 ساڵی بەشداری لە جەنگی دووەمی جیهانی كردووەو یەكێك بووە لە سەربازەكانی تیمی زرێپۆشی سوپای بەریتانیا، وەك خۆی دەڵێت، لە بەرەی پێشەوەی جەنگ بەشدار بووەو بەهۆی دڵسۆزیشی لە جێبەجێكردنی ئەركە سەربازییەكانی، بەرزترین میدالیای رێزلێنانی لە فەرەنسا پێبەخشراوە.
لەبارەی هۆكاری تەمەندرێژیی دۆناڵد رۆز، كارمەندێكی خانەی بەساڵاچوان، كە هاووڵاتییە بەتەمەنەكە لێی دەژی، بە رۆژنامەی دەیل میل-ی راگەیاندووە:" هیچ نهێنییەك لەبارەی تەمەند درێژییەوە نییە، بەڵام مەزەندە دەكرێت هۆكارە سەرەكییەكە ئەوەبێت رۆز لەسەردەمی گەنجیدا و لەكاتی جەنگی دووەمی جیهانی، بڕێكی زۆر ئاوی دەریاو پسكویتی تایبەت بە سەگ-ی خواردبێت.
بتەمەنترین هاووڵاتی بەریتانیا، كە بەبۆنەی یادی 110 ساڵەی لەدایكبوونی ئاهەنگێكی ناوازەی بۆ رێكخرا، بە تەندروستییەكی باشەوە دەركەوت و تائێستاش بەشی زۆری یادەوەرییەكانی بیرماوە.