چارەسەرێک بۆ ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان تاوتوێ دەکرێت

کوردستان

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 915

راچڵەکین-

بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی ئۆتۆمبیلە بێسەرەتاکان لە ئێستادا دوو پێشنیاریان وەک چارەسەر بۆ ئەو گرفتە داوەتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم.

 

ئەمڕۆ دووشەممە،ئاسۆ محەمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی سلێمانی بەلە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لە ئێستا بەدواوە  پۆلێن بکرێن چونکە بەشێکیان هەیە بەکەڵکی ئەوە نایەت بەسەر شەقامدابمیننەوە و  بەشێکیشیان دەکرێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت چونکە گرفتێکی ئەوتۆیان نییە. 

باسی لەوەش کرد، ناکرێت ئەو گرفتە بەم جۆرەی ئێستا بمێنێتەوە، بۆیە دەبێت لیژنەیەکی پسپۆڕ پۆلێنیان بکات تاوەکوو لەوە زیاتر هاوڵاتیان زەرەرمەند نەبن لەو دۆخەدا. 

بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئەگەر هۆکاری ئەم گرفتە هاوڵاتیانیش بوبێتن نابێت بهێڵن بەوجۆرە زیانبکەن بەڵکوو دەبێت قەرەبوو بکرێنەوە یاخود رێگا چارەسەرێکیان بۆ بخرێتەڕوو.وتیشی، " پێویستە حکومەت بچیتە ژێر باری بەشێکی قەرەبووەکان و لەبەر ئەو هۆکارەش دوو پێشنیاریان وەک چارەسەر بۆ دۆخەکە ناردووەتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاوتچۆی هەرێم. 

 

پێشنیاری یەکەم؛  حکومەت دەتوانێت وەک مراندن ئۆتۆمبێلەکانیان لێوەبگرێتەوە و ئۆتۆمبێلی نوێ بهێننەوە بۆیان، چونکە لە رابردوودا ئەوە دەکرا.

پێشنیاری دووەم؛ ئەو هاوڵاتیانە خۆیان ئۆتۆمبێلەکانیان رادەستی حکومەت بکەنەوە و لە بەرامبەرا حکومەت لە رسومات و کۆمەڵێک رێکاری هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلێکی دیکە خۆش ببێت کە ئەوان دەیهێنن. 

 

شەوی رابردووش  هاتووچۆی سلێمانی چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لیژنەی ئەمنی سلێمانی بەردەوامە لە جێبەجێكردنی بڕیاری قەدەغەكردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان و ھیچ گۆڕانكارییەك بەسەر بڕیارەكەدا نییە.



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن