راچڵەکین-
لەبارەی ئاگربەست لە نێوان تورکیا و هێزەکانی سوریایی دیموکرات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بەمەبەستی راگڕتن و کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و هێزەکانی سوریایی دیموکرات هەوڵەکانیان چڕترکردووەتەوە و لە ئێستاشدا هەردوولا لەسەر مێزیگفتوگۆدان بۆ یەکلایی کردنەوەی پرسی ئاگربەست.
دوای گەیشتنی شاندێکی ئەمریکا بۆ دیمەشق و تاوتێکردنی دۆخی سوریا و حکومەتی نوێی سوریا، باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بەمەبەستی کۆتایی هێنان بە پێشڕەوی گروپەچەکدارەکان بۆسەر خاکی کۆبانێ هەوڵەکانیان چرکردووەتەوە و بۆ دۆخەکەش لەگەڵ هەردوولادا بۆ باشترین چارەسەر دەگەڕێن.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا هەریەک لە تورکیا و هێزەکانی سوریایی دیموکرات نزیکن لە ئەنجامدانی ئاگربەست و بۆ ئەومەبەستەش گفتوگۆیی ورد لە نێوانیاندا هەیە.
باربارا لیف ئەوەشی خستەڕوو، لە میانی کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع و دەستەی تەحریر شام، بە ئەحمەد شەرعیان راگەیاندووە کە پرسی خەڵاتە دە ملیۆنییەکەیان داخستووە، کە بڕیار بوو بدرێت بە هەر کەسێک زانیاری لەسەر ئەحمەد شەرعی ئێستا و ئەبو محەمەد جۆلانی سەردەمی تەحریر شام بدات بە ئەمریکا.
هاوکات بە گوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس کە لەزاری سەرچاوەیەک لە شاندەکە بڵاویکردوە، کۆبوونەوەکەی نێوان شاندەکەی ئەمریکا و ئەحمەد شەرع ئەرێنی بووە و پێشبینیش دەکرێت دەرەنجامی باش بۆ گەلی سوریا برەخسێنێت.