ڕاچڵەکین سپۆرت -
هانسی فلیک ڕاهێنەری یانەی بەرشەلۆنە ئاڵای تەحەدای بەرزکردەوە پێش ئەوەی ڕووبەڕووی ئەتلەتیکۆ مەدرید ببێتەوە، سبەی شەممە، لە یاریی لوتکەی گەڕی 18ی خولی ئیسپانیا.
فلیک لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند، یارییەکی سەخت چاوەڕێمان دەکات، ئەوان باشترین یانەی لالیگان، زنجیرەیەک سەرکەوتنی نایابیان لەسەر یەک بەدەستهێناوە.
جەختیشی کردەوە، یاریزانانی ئەتلەتیکۆ باشن لە تۆمارکردنی گۆڵ لە کۆتا ساتەکاندا، بۆیە دەبێت بەدرێژایی 90 خولەک سەرنجمان هەبێت.
فلیک وتیشی، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نایاب دەبێت، بەڵام ئامانجەکەمان ناگۆڕێت، ئێمە دەمانەوێت سەرکەوتن بەدەستبهێنین، چونکە بە دۆڕاندن بە لاس پاڵماس و لیگانیس بەشێوەیەکی قبوڵنەکراو کەوتین، بەڵام دەبێت بەردەوام بین لە خەبات و تێکۆشان بۆ بردنەوە لە هەموو یارییەکدا بۆ ئەوەی بتوانین نازناوەکان ببەینەوە."
سەبارەت بە ئامادەنەبوونی لامین یامال، ڕاهێنەری بارسا ئاماژەی بەوەدا، “دەبێت ئەوە قبوڵ بکەین، چونکە ئەوە شتێکە لە تۆپی پێدا ڕوودەدات، بەڵام یەدەگمان هەیە، هێشتا بڕیارم نەداوە کێ دەبێتە جێگرەوەی لە یارییەکەدا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو زیانانەی تووشی بووین جێگەی داخە، بەڵام ئێمە تیپێکی گەنجین کە لە گەشەکردن و گەشەکردندایە، یاریزانە باڵاکان لە سەرەتای وەرزدا جێیانهێشتین، ئێمەش تەنها گرێبەستمان لەگەڵ ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر کرد، دەبێت پێشبکەوین، سبەی دەرفەتێکی نوێمان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی دەستپێبکەینەوە”.
فلیک دەربارەی وردەکاری دانیشتنە تایبەتەکەی لەگەڵ خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بەرشەلۆنە وتی، ئەمە بابەتی تایبەتی نێوانمانە، هەروەها نهێنییەکە کە من بۆ میدیاکان ئاشکرای ناکەم دەتوانن پرسیار لە سەرۆکی یانەکە بکەن.