سوید بڕیارێك لەدژی ئۆنروا دەردەكات

جیهان

1 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 98

راچڵەكین - 

حكومەتی سوید بڕیاریدا كۆتایی بە ناردنی هاوكارییە داراییەكانی بۆ ئاژانسی ئۆنروا بهێنێت و وەزیرێكی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت: لەمەودوا هاوكارییەكانمان لەرێگەی رێكخراوی دیكەوە بۆ ئاوارەكانی فەلەستین دەنێرێن. 

بنیامین دوسا، وەزیری تایبەتمەند بە هاوكاری لە حكومەتی سوید، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بەهۆی قەدەغەكردنی كارەكانی ئاژانسی فریاگوزاری و بەهاناوەچوونی ئاوارەكانی فەلەستین (ئۆنروا) لەلایەن ئیسرائیلەوە، حكومەتی ستۆكهۆڵم بڕیاریدا كۆتایی بە هاوكارییە داراییەكانی بۆ ئەو ئاژانسە بهێنێت.

وتیشی:" لەمەودوا رێگەی دیكە دەگرینەبەر بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكانی فەلەستین، ئەویش لەڕێی پەیوەندیكردن بەو رێكخراوانەی كە ئێستا لە كەرتی غەززە  كاردەكەن، وەك رێكخراوی خۆراكی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان". 

جگە لە سوید، چەندین وڵاتی دیكەی ئەوروپا بڕیاریداوە هاوكارییەكای بۆ ئۆنروا رابگرَێت، ئەوەش دوای تۆمەتباركردنی ئاژانسەكە لەلایەن ئیسرائیلەوە بە هەبوونی پەیوەندی هەندێ لە كارمەندەكانی بە هێرشەكەی 7ی ئۆكتۆبەری 2023ی چەكدارانی حەماس بۆسەر شارۆچكەكانی ئیسرائیل، كە بەهۆیەوە دەیان كەس كوژران و سەدان كەسی دیكەش بە بارمتە گیران، كە دواتر هێرشەكەی ئیسرائیلی بۆسەر كەرتی غەزە لێكەوتەوە. 

پێتریش بەرپرسای ئاژانسی ئۆنروا رایانگەیاندبوو، لەئەگەری راگرتنی هاوكارییە داراییەكانی وڵاتانی ئەوروپا، دووچاری قەیرانێكی سەخت دەبنەوەو چیتر ناتوانن كۆمەك و هاوكاری مرۆیی بە دانیشتوانی كەرتی غەززە بگەیەنن. 

رۆژی 28-10-2024، پەرلەمانی ئیسرائیل پرۆژەبڕیارێكی پەسەندكرد بۆ قەدەغەكردنی كارەكانی ئۆنروا لەسەر خاكی فەلەستین. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن