قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان رووسیاو چین بەرزدەبێتەوە

ئابوری

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 107

راچڵەكین - 

بەهۆی سزا سەپێندراوەكانی سەر رووسیا لەلایەن ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپاو راگرتنی سەرجەم مامەڵە بازرگانییەكان، مۆسكۆ پەیوەندییە ئابوورییەكانی لەگەڵ چین پەرەپێدەدات و بەپێی ئامارەكانیش، قەبارەی ئاڵۆگۆڕی بازرگانیی لەنێوان هەردوو وڵات لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا گەیشتووەتە زیاتر لە 240 ملیار دۆلار. 

بەپێی ئامارە فەرمییەكانی رووسیا، لە 10 مانگی ئەمساڵدا كۆی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ چین، گەیشتووەتە زیاتر لە 240 ملیار دۆلار، ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پار، بەڕێژەی 2.8% زیاد بووە. 

مۆسكۆو پەكین كە پەیوەندییەكی پتەویان لە بوارەكانی وزەو بازرگانی و بوارەكانی دیكەشدا هەیە، پلانیان داناوە تا ساڵی 2030، قەبارەی ئاڵزگۆڕی بازرگانیی نێوانیان بۆ سەروو 300 ملیار دۆلار بەرزبكەنەوە. 

رووسیا كە یەكێكە لە وڵاتە هەرە گەورەكانی هەناردەكاری نەوت و غازی سروشتی لە جیهان، لەدوای هێرشەكانی بۆسەر ئۆكراینا، لەلایەن ئەمریكاو زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاوە سزای ئابووری بەسەردا سەپێندراو بەو هۆیەوە بازاڕی ئەوروپای بۆ هەناردەكردنی نەوت و غاز لەدەستدا، بۆ قەەبووكردنەوەی ئەو زیانەش، رووی كردە بازاڕەكانی چین و وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، لەئێستاشدا چین یەكێكە لە گەورەترین هاوردەكارانی نەوت و غازی رووسیا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن