كێشەی خوێندكارانی كوردی زانكۆی كەركوك چارەسەر دەكرێت

کوردستان

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 121

راچڵەكین - 

پارێزگاری كەركوك لەڕێگەی پەیوەندیكردن بە وەزیری خوێندنی باڵای عیراقەوە، كێشەی ئەو خوێندكارانەی زانكۆی كەركوك چارەسەر دەكات، كە رێگەیان پێنەدراوە وەڵامی پرسیاری تاقیكردنەوەكان بە زمانی كوردی بدەنەوە. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ژمارەیەكی زۆر لە خوێندكارانی كوردی زانكۆی كەركوك بەهۆی رێگری لێكردنیان لە وەڵامدانەوەی پرسیاری تاقیكردنەوەكان بە زمانی كوردی، خۆپیشاندانی ناڕەزاییان ئەنجامدا. 

بۆ بەدەنگەوەهاتنی ئەو كێشەیە، ئێوارەی ئەمڕۆ ڕێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی عیراق ئەنجامدا و ڕەزامەندی ڕاستەوخۆی وەزیرەكەی بۆ خوێندكارانی زانكۆی كەركوك و زانكۆی تەكنیكی باكوور وەرگرت بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانیان بە زمانی كوردی. 

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست راچڵەكین كەوتووە، هۆكاری رێگریكردن لە خوێندكارانی كوردی زانكۆی كەركوك بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری تاقیكردنەوەكان بە زمانی كوردی، لەسەر بنەمای نوسراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی عیراق بووە، كە تێیدا هاتووە وەڵامی پرسیاری تاقیكردنەوەكان دەبێ تەنها بە زمانی عەرەبی بێت. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن