راچڵەكین -
عیراق گەڕاندنەوەی نزیكەی دوو هەزار سەربازی سوپای سوریا بۆ وڵاتەكەیان رادەگەیەنێت، كە بەهۆی كەوتنی حكومەتی بەشار ئەسەد هەڵاتبوون و خۆیان گەیاندبووە ناو عیراق.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی رۆژی 7ی ئەم مانگە، بەهۆی بارودۆخی ناوخۆی سوریا، ژمارەیەكی زۆر سەربازی سوپای ئەو وڵاتەو كارمەندو پاسەوانانی دەروازەی سنووری ئەلبوكەمال، خۆیان گەیاندە ناو خاكی عیراق، حكومەتی عیراق لەوانگەی مرۆییەوە، رێگەی هاتنی پێدان و لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە شوێنێك بۆ داڵدەدانیان تەرخانكرا، سەرجەم چەك و تەقەمەنییەكانیشیان لە میرەی وەزارەتی بەرگریی پارێزرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، دوێنێ چوارشەممە 36 كارمەندی دەروازەی سنووری ئەلبوكەمال لەسەر خواستی خۆیان، گەڕێندرانەوە بۆ سوریا، بەیانی ئەمڕۆش هەزارو 905 ئەفسەرو سەربازی سوپای سوریا لەسەر خواستی خۆیان و دوای هەماهەنگی لەگەڵ هەندێ لایەنی ناوخۆی سوریاو دەرچوونی بڕیاری لێخۆشبوونیان، گەڕێندرانەوە بۆ وڵاتەكەیان و سەرجەمیان رادەستی هێزی پاراستنی دەروازەكە لەدیوی سوریا كران.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە، چەك و تەقەمەنییەكانی ئەو سەربازانە تائێستاش لە وەزارەیت بەرگری عیراق ماوەتەوەو هەركاتێك حكومەتی نوێی سوریا پێكهێندرا، رادەستی ئەو حكومەتە دەكرێتەوە.