راچڵيکین-
بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی و رێککارەکانی کۆنترۆڵکردنی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراق، لە ساڵی ئایندەوە دەستدەکرێت بە رێککەوتنی پینج دراوەکە، کە تایبەت دەبێت بە مامەڵەداراییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بە هەریەک لە دراوەکانی ( ئیۆرۆ،روپیە،درهەمی ئیماڕاتی،یێنی چینی،ریاڵی سعودی).
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانکی ناوەندی عێراق راگەیەندراویکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی نرخی دۆلار و سەقامگیرکردنی نرخی دۆلار لەمیانەی رێکارەکانی ئەمساڵی بانکەکەدا دەستدەکرێت بە کردنەوەی سەکۆی حەواڵەی تایبەت بە دراوەکانی دیکە جگە لە دۆلار کە بریتین لە ( روپیەیی هیندی، درهەمی ئیماڕاتی، یێنی چینی، ئیۆرۆ، ریاڵی سعودی) بۆمامەڵە داراییەکانی دەرەوەی عێراق و ناوخۆیی عێراق.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم رێکارە هاوکاردەبێت لە سەقامگیرکردنی نرخی دۆلار و دینار لە بازاڕەکانی ناوخۆی عێراق و هەماهەنگیەکیش دەبێت بۆ داڕشتنەوەی سیاسەتی بانکی عێراق بەپێی سیستمی بانکی نێودەوڵەتی و هەر بانکێک بیەوێت حەواڵە ئەنجامبدات پێویستە سەرەتا زانیاریی خشتەی حەواڵە و تۆمارەداراییەکانی سێ ساڵی رابردووش لەگەڵ ئەمساڵدا ئامادەبکات و پلانەکانیشیان سەبارەت بە رێگەگرتن لە سپیکردنەوەی پارە بخاتەروو بۆ بانکی ناوەندی و نێودەوڵەتی.
پێشتریش بانکی ناوەندی لەوبارەیەوە رایگەیاند، بۆ مامەڵە دەرەکییەکان بە پێنج دراوەکە پێویستە هەر بانکێک هەژمارێکی تایبەت لە سیستمی بانکی سویفت بکاتەوە کەتایبەتە بە مامەڵەداراییەکان لەژێر ناوی بانکی ناوەندی عێراقدا و ئەستۆپاکی تۆمارە داراییەکانیشی لە ناوەندی دارایی بانکەکان (Banker almanac) ئەنجامبدات و تەواوی زانیارییەکانیش تۆماربکات بەپێچەوانەوە ناتوانێت هیچ مامەڵەیەکی حەواڵەکردن ئەنجامبدات. وتیشی، "پێویستە بەشداری لە رێکخراوی بانکە بازرگانییەکان ( BAFT) بکات کە تایبەتە بە رەهەندەکانی حەواڵکردن و سیستمی حەواڵەی دەرەکی و هەربانکێک پێویستە رێژەیەک لە حەواڵەکردن دیاری بکات کە ساڵانە رێژەیەک حەواڵە دەکات بۆرێگەگرتن لە چوونە دەرەوەی حەواڵەی زیاتر".